
ڕێگای کوردستان
دیمەنە سیاسییەکە ئاماژە بەوە دەدات کە دەرگای ململانێکان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەرەو قۆناغێکی سەختتر دەچێت و تا دێت قۆڵتر دەبنەوە.
بەپێی شڕۆڤەو خوێندنەوەکان، لە ئێستاوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا وەک شکستخواردوو دەبینرێت، لە بەرامبەریشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شەڕی بەدەستهێنانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدا بێهیوایە و لە چاوەڕوانی شکستدایە.
هاوکێشەکە بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە زۆرینەی لایەنە شیعەکان، بەشێک لە سوننەکان و نەوەی نوێ لە بەغدا پشتیوانی لە یەکێتی دەکەن، ئەمەش وادەکات باڵانسی هێز لە بەغدا بەلای یەکێتیدا بشکێتەوە.
ئەم پەرەسەندنە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێم دەبێت و لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو چەقبەستنی زیاتر دەهێنێتە ئاراوە.
چاودێران پێشبینی دەکەن کە پارتی لە کاردانەوەی لە دەستدانی پۆستی سەرۆک کۆمار، هەڵوێستەکانی توندتر بکات و ئامادە نەبێت دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ بێت یان پشکی زیاتر لە کابینەی نوێ بدات بە یەکێتی.
ئەم "ملشکاندنە" سیاسییە، دواکەوتنی زیاتری پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، بەمەش نەک تەنها قەیرانە ناوخۆییەکان قووڵتر دەبنەوە، بەڵکو مەترسی ئەوە هەیە ئەو وڵاتانانەی خۆیان وەک دۆست و هاوپەیمانی کورد، خۆیان پیشان دەدەن، متمانەیان بە توانای حوکمڕانی و خودی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت.