رێگای كوردستان
دوای یەكلاییكردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، پەرلەمانتاران لەماوەی دە رۆژ لەدوای ئەو رێكەوتەوە بانگهێشتی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێن. پارتی دیموكراتی كوردستان شاندێكی بەمەبەستی ئەنجامدانی وتوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێكهێناوە، چاودێرانی سیاسیش باس لە ئەگەری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆن پێشتر رایگەیاندوە ئەگەر بێت و تانەكان هیچ لە دۆخەكە نەگۆڕن، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رادەسپێردرێت و بێگومان ئەمەش بە دروستكردنی هاوپەیمانییەتی دەبێت لەگەڵ لایەنێك یاخود زیاد لەلایەنێكی دیكەی براوە، بەوپێیەی ئەم حزبە تەنیا 39 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتوو نەبێت لە كۆكردنەوەی پەنجا كۆ یەك، ئەوكات هێزی دووەم كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە هەنگاوەكانی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی دەستپێدەكات و وەك بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش باسی دەكەن، پێناچێت رێككەوتنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ئاسان بن، هەربۆیە بۆچوونیان وایە كە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە رادەگەێنرێت و دواتر پێدەچێت كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی دەستپێبكات.
چاودێرانی سیاسی بۆچوونیان وایە كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كارێكی ئاسان نابێت و پێویستی بە رێككەوتنی پێشوەختەی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەبێت، ئەم رێككەوتنەش بەیەك پاكێج دەبێت لەگەڵ رێككەوتن لەسەر حكومەت، ئەمەش وادەكات كە دانیشتنەكانی دیكەی پەرلەمان بەكراوەیی بمێننەوە. وەك سلێمان مستەفا باسی دەكات ئەگەر نیوە زاید یەك ئامادەی كۆبوونەوە بێت، دەكرێت لە یەكەم كۆبوونەوەدا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت ، بەڵام گەر ڕەچاوی سازان و رێككەوتن بكرێت بەپێی ئەزموونی رابردوو لە هەرێم و عێراق ،دانێشتنی یەكەم بەكراوەیی بەجێ دەهێشترێت تا لایەنە سیاسییەكان دەگەن بە رێككەوتن.
هەرچەندە هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانەوە پەسەند نەكراوە و ژمارەیەك لایەنی سیاسی تانەیان لەسەر پڕۆسەكە هەیە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەكی بەمەبەستی ئەنجامدانی وتوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان مەبەستی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێناوە.
ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەشێك لە چاودێرانی سیاسی رەخنەی ئەوەیان هەیە كە ئەم دامەزراوەیە لەماوەی 33 ساڵی رابردوودا بە ئەركی سەرشانی خۆی وەكو پێویست هەڵنەستاوە و بۆ ئەمەش زۆر جار پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو دوو هێزی پێكهێنەری حكومەت كە خاوەنی پارە و چەكن تۆمەتبار دەكرێن.