بەشی شەشەم

ئەبوكاروان

 

بوونی متمانە یەکێکە لە خاڵە هەرەگرنگەکانی سەرکەوتنی سەركردە و ئەو پرۆسانەی کە دەبێ سەرکردە لە کاری ڕۆژانەیدا وەک یاسایەکی هەمیشەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکات و غافڵگیری لەخۆبایبوون و سەرکەوتن نەبێ، چونکە ھەركاتێ سەركردە کەوتە بۆشایی نەمانی متمانەی دەوروبەر و هاوڕێکانی و متمانەی خەڵكی دۆڕاند، ئەوا كاریگەری نامێنێ و سەركەوتوو نابێت لە بەڕێوەبردنی ئەركەكانیدا ، بۆیە گەر بەوردی مێژووی سەركردەكان بخوێنینەوە بۆمان دەردەكەوێ كە چۆن چەندین سەركردە بەھۆكاری نەبوونی متمانە و لاسەنگبوونی ئەم خاڵەوە تووشی شكست و دابڕانبوون و نەیانتوانی کاریگەری خۆیان بسەلمێنن ، بۆیە لە دروستبوونی دۆخێکی ئاوادا گەر سەركردە ھەستی بەو بۆشاییە کرد و زانی کەوتۆتە قەیرانی لەدەستدانی متمانەوە، پێویستە هەرچی زووە ئاوڕێکی جددی لە خۆی بداتەوە و داوای لێبوردن پێشکەشی دەوروبەر و هەوادارانی بکات و بگەڕێتەوە سەر ڕێگای دروستی خۆی ، بەپێچەوانەیشەوە داننەنان بەھەڵەكان و پێشکەشنەکردنی داوای لێبوردن و بەردەوامبوون لەسەر ھەمان ڕێچكە، پێگەی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و ئەگەرەکانی شکست و لەدەستدانی ڕۆڵی وەک سەرکردەیەک خێراتر دێنە پێشەوە .

واتا كاتێك متمانە بنەمایەكی بەھێز بێت بۆ سەركردە دەبێ بپرسین سەركردە چۆن متمانە دروست دەكات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێش ھەمووشتێ پێویستە كەسی سەركردە كەسایەتییەكی بەھێزبێت لەپاڵ كەفائەت و توانا و پەیوەندیەكانییەوە، ئەو سەركردەیە دەبێ دەرگا و كلیلی كردنەوەی بڕیارەكان بێت بۆ ئەوەی متمانەی دەوروبەری بەھێزبكات ، ئەو سەركردانەی كە دەبنە ھۆكاری بڕیاردانی تەندروست، ئەوا بەردەوام سەركەوتن بۆ ڕێكخراوەكانیان بەدەستدێنن و ئەوپلانانەی كە دانراون بۆ كارەكانیان باشتر جێبەجێ دەكەن و گۆڕانكاری دروست دەكەن، بەڵام گەر سەركردە كەسایەتییەكی لاواز و عەیبداربێت بە خاڵێکی نەرێنی ، ئەوا متمانەی دەوروبەرەکەی لەدەستدەدات و ناتوانێ بەشێوەیەکی بابەتییانە بەردەوامبێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و متمانەی پێناكرێ ، لەکاتێکدا دەبێ سەرکردە هەمیشە درک بەو ڕاستییە بکات کە كەسایەتی و متمانە دوو خەسڵەتی بەھێزن بۆ سەركردە و كەسایەتی بەھێز و چوارچێوەیەكی پۆڵایینە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، كە دەیانەوێ ڕێكخراوەكان نغرۆ و وێران بكەن ، لەبەر ئەوە كەسایەتی متمانە دروستدەكات و متمانەش کەسایەتی سەركردە دەپارێزێ و ڕۆڵ و کاریگەری ئەو گەشە پێدەدات.

کەواتە تەنانەت سەركردەی بەئەزموون و خاوەن توانای فیکری و سیاسی کاریگەریش بەبێ بوونی متمانەی دەوروبەر ناتوانێ ڕۆڵ و کاریگەری لە پرۆسەی گۆڕانکاری ناوخۆیی و دەرەکیدا هەبێ و هەنگاوبەهەنگاو دەکەوێتە پاشەکشە و تۆمارکردنی شکست و لەدەستدانی شوێنگەی کەسایەتییەکەی و ڕەنگە دواجار بشکێ ، لەگەڵ ئەوەشدا لەدەستدانی متمانە کەسایەتی سەرکردە دەخاتە حاڵەتێکی ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵەوە و دەبێتە هۆکاری بەرجەستەکردنی كەسایەتییەکی لاواز و بێئیرادە و وادەکات وەك نارنجۆکێکی تەوقیتكراو بتەقێتەوە و نەک هەر خۆی بەڵکو دەوروبەرەکەشی وێران بکات.

ھەر سەركردەیەك لەناو خودی پرۆسەی کاری ڕۆژانەیدا لاواز و خۆشەویست نەبێت لەدەرەوەش کەسایەتییەکی نامەرغوب و ڕێزلێنەگیراوە و ھیچ حسابێكی بۆ ناكریت،  بۆیە ڕێزگرتن و كەسایەتی گرنگن بۆ سەركردە ، ڕێزگرتن لەسەركردە لەلایەن ئەندامی ڕێكخراوەكانەوە لەڕێگای بڕیاری سەركەوتوو دەبێت و زۆر جاریش دانپیانانی سەركردە بەھەڵەكانیەوە دەبێت لەپاڵ پاراستنی بەرژەوەندی ڕێكخراوەكە و ھاوڕێكانی لەسەرووی بەرژەوەندییە تاكەكەسییەكەیەوە.

ھەر وەك چۆن متمانە گرنگە بۆ سەركردە لەھەمان كاتدا ڕێزگرتن بنەمایەكی گرنگە بۆ سەركردە ، ئەندامی وشیار بەڕێككەوت بەشوێن سەركردە ناكەوێت بەڵكو بەدوای كەسانێكدا دەگەڕێن ڕێز لە توانا و داھێنانیان بگرن زۆر ڕاستە وتراوە ( كاتێك مرۆڤەكان وەك مرۆڤێك ڕێزت لێدەگرن ، سەرسامن بە تۆ ، كاتێك وەك ھاوڕێیەك ڕێزت لێدەگرن خۆشتیان دەوێ ، كاتیكیش وەك سەركردە ڕێزت لێدەگردن بەدوات دەكەون و سەركردایەتی تۆیان قبوڵە) .

دنیس ایە . بیر دەڵێ :- یەكێك لە بنەماكانی سەركردە بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكەی قبوڵ بكرێت پێگەی سەركردەكەیە لەنێو خەڵك و ھاوڕێكانی ھەر بۆیە كۆمەڵێ ھۆكار ھەن كە وادەخوازێ لەسەركردەدا بوونی ھەبێت بۆ ئەوەی خۆشەویست بێت لەلای شوێنكەوتووانی لەوانە توانای سەركردایەتیكردنی ،  ڕێزگرتن لەبەرانبەر ، ئازایەتی ، سەركەوتن و دڵسۆزی ، وەلا‌و و دڵسۆزی بۆ ڕێكخراوەكەی ، ھاوكار بێت بۆ زیادكردنی بەھا و توانای دەوروبەری ، گەر ئەم خەسڵەتانە بوونی ھەبێ لەسەركردەدا بێگومان دەبێتە جێی بڕوا و ڕێزی ھاوڕێكانی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا