
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە لێدوانێکی نوێدا باسی لە ئایندەی سیاسی ناوچەکە و پرسی ئاوارەکان کرد و ڕایگەیاند'' کار بۆ چەسپاندنی یاسایی مافەکان دەکەن.''
ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی لە دەستووردا مسۆگەر بکرێن.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان بەرەو بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو دەنێن و ئامادەکاری تەواویان هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ هەر ئاستەنگێک کە بێتە ڕێیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند'' هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، سەرێ کانی و تەواوی ئاوارەکانی دیکە بۆ زێدی خۆیان.'' ئەمەش وەک ئەولەویەتێکی کاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەسف کرد.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر ناوچەکە، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە گەمە و پیلانگێڕییەکی مەترسیدار لە ئارادایە. هۆشداری دا کە پێویستە هەموو لایەک هۆشیار بن و جەختی کردەوە کە تەنها لە ڕێگەی خەباتی سیاسییەوە دەتوانرێت ئەو پیلانانە پووچەڵ بکرێنەوە.
لە کۆتاییدا، ئاماژە بەوە درا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەردەوامە لە دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی بۆ ئەوەی قەیرانەکان تێپەڕێنێت.
ئیلهام ئەحمەد گەشبینی خۆی نیشاندا کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، ئیرادەی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی جێگیر و دادپەروەرانە بۆ گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە بەهێزە.