جەنگی گەردەلوولی بیابان، کە لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ دەستی پێکرد، یەکێک بوو لە کوشندەترین جەنگەکان بۆ سوپای عێراق لە ڕووی زیانی مرۆیی و سەربازییەوە، لەو کاتەدا سوپای عێراق بە "چوارەم گەورەترین سوپای جیهان هەژمار دەکرا، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا زیانی زۆر گەورەی بەرکەوت و کەرتە سەربازیەکان لەبەر یەکهەڵوەشێندرایەوە.
لەو جەنگەدا، کە ئەمڕۆ ۳٥ ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، زیانە مرۆییەکان لە ڕیزی سوپای عێراق گەورەو شۆکهێنەربوون.
هەرچەندە ئامارەکان دەربارەی کوژراوەکان جیاوازن، بەڵام بەپێی ئامار و زانیاریەکانی ئەو کاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ژمارەکە لە نێوان ٢٠,٠٠٠ بۆ ٣٥,٠٠٠ سەربازی کوژراو دایەو هاوکات زیاتر لە ٧٥,٠٠٠ سەرباز بریندار و کەمئەندام و
نزیکەی ١٧٥,٠٠٠ سەربازی عێراقی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد یان لە بەرەکانی شەڕدا بە دیل گیران.
هەروەها لەو جەنگەدا ،سوپای عێراق بەشێکی زۆری توانای سەربازیی خۆی لەدەستدا، بەجۆرێک ،لە کۆی ٤,٢٠٠ تانک کە لە مەیدانی شەڕەکەدا بوون، نزیکەی ٣,٣٠٠ تانکیان تێکشکێندران ، هاوکات نزیکەی ٢,١٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لەناوچوون.
هەروەها نزیکەی ٢,٢٠٠ پارچە تۆپ و هاوەن تێکشکێنران.
هێزە ئاسمانیەکان بەتەواوی پەکخران و زیاتر لە ١١٠ فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمان یان لەسەر زەوی تێکشکێندران، هەروەها نزیکەی ١٤٠ فڕۆکەی تریش بۆ ئەوەی لەناونەچن بەرەو ئێران هەڵاتن و عێراق بۆ هەمیشە لەدەستی دان، لەگەڵ ئەوەشدا، تەواوی کەشتیگەلی دەریایی عێراق لەو جەنگەدا نقوم کران یان لەکار خران.
هێرشە ئاسمانییەکان تەنها سوپایان نەکردە ئامانج، بەڵکو ژێرخانی عێراقیان وێرانکرد، سەرجەم پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا بۆردوومانکران،
پردە ستراتیژییەکان، هێڵەکانی گەیاندن و پەیوەندییە سەربازییەکان، ڕوخێندران و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی تەقێندرانە.
بۆیە سوپای عێراق ناچارکرا ملکەچی کشانەوە بێت لە کوێت، بەڵام کشانەوەکە بە "ڕێگای مەرگ" ناسرا، کاتێک فڕۆکەکانی ئەمریکا لە کاتی کشانەوەدا هەزاران ئۆتۆمبێلیان بۆردومان کرد.
ئەم شکستە یەربازیەی ڕژێمی ئەو کات، ڕاپەڕینی گەلانی عێراق ، ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ی بەدوای خۆیدا هێنا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا