مەغدید حاجی
 ساڵێک دەبێ و نابێ، ڕۆژێکیان هاوڕێ ئیدریس بەدوایداناردین بچین سەردانی بکەین، ئێمە ناوە ناوە هەر سەردانمان دەکرد،بەڵام ئەوجارەیان جیاوازبوو.. کە لەگەڵ هاوڕێیان حاجی ئەکرەم و بەختیار شەعبی و مامۆستا سەرهەنگ  چووین، بینیمان لەناو هۆڵەکەیان هەموو گۆڤارو کتێبەکانی کتێبخانەکەی  دەرهێنراون و جێ جێ لەسەر یەک دانرابوون. خۆشی نەخۆش و ناوە ناوە ئۆکسجینی دەخستە سەردەم و لووتی..پێی گوتین ئەم کتێبانە بۆ خۆتان و بۆ کتێبخانەی حزب ببەن، ئیتر من ناتوانم بخوێنمەوە!
 لە دڵی خۆم گوتم،بە داخەوە بۆ ئەم مرۆڤە تێکۆشەرە،ڕۆشنبیرە، کتێب پەروەرە..  دیارە هەست بە باری تەندروستی ناجێگیری دەکات، بۆیە ئەو کتێبانەی 50 ساڵە هەڵی گرتوون،خۆشی ویستوون، هاوڕێی بوون..ئێستا پێی باشە بە هاوڕێیانی، بە حزبەکەی بیان بەخشێ، خۆشی هەمیشە بەخشندە بوو..
 هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ ئیدریس شێخۆ لە 29ی ئایاری ڕابردوودا، زۆر دڵگرانی کردین، خەمباری کردین..بەم کۆچە شاری هەولێر،هەولێرییە ڕەسەنەکان، شیوعییە دڵسۆزەکانی هەولێر  کەسایەتییەکی تێکۆشەری خۆشەویستی دەگمەنیان لەدەستدا.
 ٭ کورتەیەک لە ژیان و خەباتی هاوڕێ ئیدریس شێخۆ:
 ــ ئیدریس حاجی شێخۆی بەقاڵ لە ساڵی1947  لە شاری هەولێر لە دایکبووە. باوکی لە بازاڕی گەورەی هەولێر خاوەن دوکانی بەقاڵی بوو،دوای باوکیشی هاوڕێ ئیدریس و کوڕەکانی پارێزگارییان لە دوکان و کارو کاسبیان کرد وجێگای ڕێزو تەقدیرو خۆشەویستی خەڵکی ناو بازاڕو قەیسەری بوون.
 هاوڕێ ئیدریس هەر لە تەمەنی زووی لاوی کە قوتابی قۆناغی ناوەندی بوو، لە ساڵی 1961 چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیان و ئەندامێکی چالاکی ئەم ڕێکخراوە بوو.
 لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق کردووە، یەکەمجار لەگەڵ چوار تێکۆشەری دێرینی هەولێری:( سەیفەدین مەحمود، مومتاز حەسەن، جەبار حەسەن، مام سەعید فەقێ)شانەیەکی حزبیان پێکهێناوە، بەگوێرەی بەرنامە، بە ڕێکو پێکی و لە بارودۆخی خەباتی نهێنی و ئاشکرا و زۆر بە جوڕئەتەوە ئەرکە حزبی و جەماوەرییەکانیان جێبەجێ کردووە.
کە کودەتای 8 ی شوباتی 1963 ڕوویدا هاوڕێ ئیدریس یەکێک بوو لەو شیوعییە ئازایانەی هێرشیان کردە سەر بنکەی پۆلیسی خانەقا، بەڵام پێیان داگیرنەکراوە،زوو  میری بە پلانەکەی زانیوەو بەرپەرچی هێرش بەران دراوەتەوە..
 لە 19-4-1963 هاوڕێ ئیدریس لە لایەن چەتەکانی حەرەس قەمی دەستگیر دەکرێت و ئازارو ئەشکەنجەی زۆر دراوە،دوای ماوەیەک بە کەفالەت ئازادکراوە.
 هاوڕێ ئیدریس شێخۆ بەهۆی چالاکی و شیوعی بوونی چەندین جار لە ساڵانی: 1965،1966،1967 بۆ ماوەی جیا جیا دەستگیر کراوە و هەرگیز پاکانەی لە بیروباوەڕەکەی نەکردووە.
ــ لە ساڵی 1967 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی کردووە لە بەرسرین قەزای ڕواندز، ئەوکاتەی لەوێ ملازم خدر بەرپرسی پێشمەرگەکان بوو، ناوێکی درەوشاوەبوو.. ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە دوایی لە کاتی لێبووردنی گشتی بە ئارەزووی خۆی و ڕەزامەندی حزب گەڕاوەتەوە بۆ شاری هەولێر، لە هەولێرێش نەماوەتەوە چۆتە شاری بەغدا و لەوێ لە دواناوەندی (الجعفریە الاهلیە) دەستی بە خوێندن کردۆتەوە، لە هەمان کاتدا لە تەک یەکێتی گشتی قوتابیان کەوتۆتەوە ناو کۆڕی خەباتی پیشەیی و جەماوەری و بەهۆی لێهاتوویی بۆتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەم ڕێکخراوە خوێندکارییە.
 هاوڕێ ئیدریس لە ساڵی 1969 گەڕاوەتەوە بۆ هەولێرو لە ڕیزەکانی حزب و یەکێتی گشتی قوتابیان بەردەوام بووە لە خەبات و چالاکی نواندن.. دەرگای ماڵەکەی لە گەڕەکی بێرێژیان هەمیشە واڵا بووە بۆ کۆبوونەوەکانی حزب و لاوان و قوتابیان، تەنانەت کۆنفرانسی لاوان و یەکێتی گشتی  قوتابییانیش لە ماڵی هاوڕێ گرێدراون و خۆیشی هەموو خەرجییەکی دەگرتە ئەستۆ..
 هاوڕێ ئیدریس هەمیشە هاوڕێیەکی ڕووخۆش، بەڕێز، بە هەیبەت و بەخشندە بوو..
 لە دوای دەرچوونی بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 ئەم هاوڕێ تێکۆشەرەمان  هەمیشە ڕێکخەرو ئامادەی خۆپیشاندان و ئاهەنگەکان بوو..
 لە ساڵانی1971 و1972 کە هەڵمەتێکی دڕندانەی گرتن بۆسەر شیوعییە چالاکەکان لە لایەن ڕژێمی بەعس دەست پێدەکات، هاوڕێ ئیدریس دەگیرێت و یەکسەر دەیبەن بۆ ئەمنی عامە و قەسری نیهایە لە بەغدا،وایان دەزانی دەڕووخێ و سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ئەو وەکو پۆڵا وەکو شاخ وەکو هاوڕێیەکی ڕێبازی فەهدو سەلام عادل و جەمال حەیدەری و عادل سەلیم.. لە ڕووی جەلادەکانی بەعس دەوەستێت و بەرگەی هەموو جۆرە ئازارو ئەشکەنجەیەک دەگرێت و بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە ناوی هاوڕێیەک بدرکێنێ یان پاکانە لە حزبەکەیدا بکات..دواجار بە هەوڵی د.موکەڕەم تاڵەبانی ئازاد دەکرێت.
 هاوڕێ ئیدریس لە حەفتاکاندا لە بواری وەرزشیش ئەسپی خۆی تاوداوەو ڕۆڵی بینیوە، لە شاری هەولێر لەگەڵ یانەکانی بروسک و سیروان و هێرش کاری کرددووەو ماوەیەک سەرۆکی یانەی هێرش بووە، لەو کاتەی ئەو یانەیە لە یانە پێشکەوتووەکانی هەولێر بوو.
 هاوڕێ ئیدریس شێخۆ وەکو کەسایەتییەکی پێشکەوتنخواز،وەکو تێکۆشەرێکی شیوعی، وەکو هەولێرییەکی ڕەسەن.. پارێزگاری لە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی کردبوو مرۆڤێکی لە دڵا شیرین بوو،بیروباوەڕ نەگۆڕ بوو،کۆمەنیستێکی تا سەر ئێسقان دڵسۆزو بەخشندە بوو..
 هاوڕێ لەم ساڵانەی دوایی یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی چراخ بۆ کەلتوورو کۆمەڵ، لە کۆبوونەوەو چالاکییەکان ئامادە دەبوو، پێشنیازو ڕەئی جوانی دەردەبڕی، زۆری پێخۆش بوو خزمەتی مێژوو کولتووری هەولێری خۆشەویستی بکرێت.
 حەیف،هەزارجار مخابن، بە کۆچی دوایی ئەم هاوڕێ تێکۆرە دڵسۆزە هەولێرو هەولێرییەکان، حزبی شیوعی و شیوعییەکان، چراخ و ڕۆشنبیرەکانی شار، لە پێش هەموانیش بنەماڵە بەڕێزو تێکۆشەرەکەی کەسایەتییەکی ئەوەندە جوان و ڕووخۆش و بەڕێزو  دڵسۆزیان لە دەستدا هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە.. بەڵام هاوڕێ ئیدریس شێخۆ بە نەمری لە دەروونی کەس و کاری و هاوڕێیانی، لە مێژووی شارەکەی، لە مێژووی حزبەکەی دەمینێتەوە..
 هەزار جار یادی بەخێر.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا