لەناو ئەو هەموو ئاژەڵەدا بەڕێوەبەری دەزگەیەکی ڕاگەیاندن کەروێشکی ناسکونازداری لای خۆی دامەزراند، بەس ئێستاشی لەگەڵ بێت کەس نەیزانی کەروێشکی گوێ مووت و چاوبز و خڕوخەپان چۆن وا خێرا یەکسەر بوو بە ڕۆژنامەنووس و چۆنیش توانی ئاوا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی لەناو زیندەوەران ئامادە بکات. ئاخر هەموومان پێمان وابوو هونەری کەروێشک تەنها گێزەر خواردن و هەڵاتنە لەبەر تاژی. سەرەتای ڕاپۆرتەکەی کەروێشک بە دواندنی حوشتر دەستی پێ کردووە و لێی پرسیوە: جەنابی خوشتر بۆچی جەستەت ئاوا خوار و خێچە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی هۆکارەکە ئەوەیە دروستبوونی من بە لیژنە سپێردراوە و لیژنە دروستی کردووم، بۆیە ئاوا خواروخێج دەرچوومە. پاشان لە بۆقی پرسیوە: باشە پێم بڵێ تۆ بەردەوام لەناوچەی کەسکایی و گوێی ڕووبار و قەراغ کانی و کەناری ئاوەکان دەژی لەسەر فەرشی قەوزە هەڵبەزودابەز دەکەی و ڕاوی پەپوولە و مێرووو مێش و مەگەز دەکەی، ئەی پێم ناڵێی بۆچی بەردەوام دەقیڕێنی؟ بۆقەکە گوتبووی: من سەرەتا بێدەنگترین زیندەوەری سەرڕووی زەوی بووم، بەڵام دوای ئەوەی ئاڵۆزیەک لە دەڤەری زیندەوەران دروست بوو پاشای مەملەکەت لیژنەیەکی پێکهێنا و منیشی خستە ئەو لیژنەیە و لەوێش سەرۆکی لیژنە پێی گوتم: تۆ بۆت نییە یەک قسە بکەی تەنها بقیڕێنە. ئیدی لەوساکەوە قیڕەقیڕە بۆتە خووێکی خۆم و بەهیچ شێوەیەک ناتوانم وازی لێ بهێنم. دواتە کەروێشکەقووتە چۆتە ماڵی قەلەڕەش و لێی پرسیوە پێم ناڵێی بۆچی ئاوا بە ڕووڕەشی ناسراوی؟ بۆچی هەمووان  وەکو باڵندەیەکی ناشیرین و قێزەون سەیرت دەکەن؟ تەنانەت مرۆڤە جەردە و بکوژ و دزەکانیش کە لە یەکتری تووڕە دەبن بەیەکتری دەڵێن: ئەی ڕووت ڕەش بێت وەکو قەل؟ قەلەڕەش گوتی: من سەرەتا مامۆستای هەردوو دنیا بووم و جوانترین شێوە و ڕووخسار و ناوبانگم هەبوو، بەڵام پیشەکەم خراپ بەکارهێنا و بە درۆ و دەلەسە و بە زمانی خۆش و کلاواتی سەیر، قۆڵی چەندین مێنەم بڕی، بۆیەش ئاوا ڕووڕەشی دنیا بووم. دواتر کەروێشکە خەپە دەچێتە ماڵی ڕێوی و پێی دەڵێت: بۆ پرسیارێک هاتووم؟ مام ڕێویش بەدەم تەسبێحاتەوە گوتی: فەرموو چیت هەیە ئازادانە بیڵێ؟ کەروێشک لێی پرسی تکایە پێم بڵێ بۆچی ئاوا لەناو گیاندار و مرۆڤەکان بوویتە ڕەمز و نیشانەی فێڵبازی؟ ڕێوی یەک و دووی نەکردوو بە خەمباریەوە گوتی: من سەرەتا سیاسی بووم و پێگە و کەسایەتییەکی باشم هەبوو، بەڵام دواتر پێگەی خۆم خراپ بەکار هێنا. ئەویش ئەوەبوو بە ڕووی دەرەوەدا لە ناو بەرەی بەرهەڵستکاری، دژ بە ناعەدالەتی و گەندەڵی هاتوهاوارم بوو، لەژێرەوەش سیخوڕیم بەسەر برادەرەکانی خۆمەوە دەکرد و ڕاپۆرتم لە دژیان بۆ کاربەدەستتانی دەوڵەت دەنووسی. ئیدی لەو ڕۆژەوە بوومە ڕەمزی فێڵکردن و تەڵەکەبازی، بەڵام ئەوەی لەو ڕاپۆرت و بەسەرهاتەدا سەیرە و پرسیارە لای هەمووان' ئەوەیە کەروێشکە خەپە چۆن جورئەتی کرد ئەوە بکات و چۆنیش توانی بە سەلامەتی لەماڵی ڕێوی بێتەدەرێ؟ لە ڕاستیدا وەڵامەکە ئەوەیە: بەڕێوربەر خۆی ڕاپۆرتەکەی ئامادە کردووە بەناوی کەروێشکەخان بڵاوی کردووەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا