
ڕۆژنامەی "گاردیانی بەریتانی، زانیاری نوێی سەبارەت بە چارەنووسی زیندانیانی ڕێکخراوی داعش ئاشکرا کرد کە لە کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون لە سووریا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕژێمی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی ڕاگەیاند.
حکومەتی ئەمریکا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی کەمپ و بەندیخانەکان لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی نوێی سووریاوە، درک بەوە دەکات کە ئەم هێزانە "لە ڕاستیدا توانای ئەوەیان نییە کۆنترۆڵی ئەم ژمارە زۆرەی زیندانیان بکەن"، ئەمەش وای لێکردوون پەنا بۆ گواستنەوەیان بەرن بۆ عێراق وەک ئەلتەرناتیڤێکی ئارامتر لە ڕووی ئەمنییەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە ، کە پلانی گواستنەوەکە ڕووبەڕووی ئالەنکاری گەورە بووەتەوە، چونکە "کاتێکی زۆر و تێچوویەکی دارایی ئێجگار زۆری دەوێت"، لەگەڵ بوونی مەترسی جدی لەوەی کە "زیندانیانی داعش بتوانن پێش تەواوبوونی پڕۆسەی گواستنەوەکە هەڵبێن"، ئەمەش مەترسی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوەکە لە ناوخۆی سووریا دەهێنێتەوە ئاراوە، بەتایبەت لە سایەی هەواڵەکان دەربارەی بوونی "کەسانێک کە هاوسۆزن لە ناو هێزەکانی ڕژێمی نوێی سووریا" و ڕەنگە ببنە ژینگەیەکی لەبار یان ئاسانکاری بۆ هەندێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "زیندانیانی داعش ئێستا نوێنەرایەتی بۆمبێکی چێندراو دەکەن کە چاوەڕێی تەقینەوەیە لە سووریا"، هۆشداریشی داوە کە ڕاکردنی ژمارەیەکی زۆریان لە ناو کەمپ و بەندیخانەکان پێش گواستنەوەیان بۆ عێراق "هەلێک بۆ ڕێکخراوەکە دەڕەخسێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی لە ناو وڵاتێکدا کە خۆی بەدەست ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەری پەکخستووە، لەگەڵ بوونی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەمنی شێواو کە دەکرێت بقۆزرێتەوە.