
ڕاپۆرت- رێگای کوردستان
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، عێراق بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا (بازاڕی ڕەش)، بەخۆوەی بینی ، سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندی نرخی فەرمی بە ١٣٠٠ یان ١٣٢٠ دینار جێگیر کردووە.
ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ کە گەیشتووەتە سەروو ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر شانی خەڵک دروست کردووە.
چەند هۆکارێکی سیاسی و تەکنیکی و ئابوری لە پشت ئەم بەرزبوونەوەیەوەن،کە لەم ڕاپۆرتەدا دەیانخەینە ڕوو:
1-فشارە سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی عێراق و توندکردنەوەی چاودێری لەسەر گواستنەوەی دۆلار بۆ ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و گەیشتنی بە ئێران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلاری کاش.
سیستەمی نوێی گومرگی (SCODA): جێبەجێکردنی سیستەمە نوێیەکانی باج و گومرگ وایکردووە بازرگانان بۆ خۆدزینەوە لە ڕێکارە فەرمییەکان، پەنا بۆ بازاڕی ڕەش ببەن بۆ کڕینی دۆلار، ئەمەش خواستێکی زۆری لەسەر دۆلار دروست کردووە.
2-خەمڵاندنی نرخی نەوت لە بودجەی ٢٠٢٦ بە ٦٠ دۆلار و کورتهێنانی بودجە، نیگەرانی لای وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان دروست کردووە و متمانەی بە دینار لاواز کردووە.
3-ناسەقامگیری سیاسی لە ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ، بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ لە ٢٠٢٦ کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی دراو هەبووە.
4-بەرزبوونەوەی دۆلار تەنها ژمارەیەک نییە لە تابلۆی نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو، بەڵکو کاریگەرییەکانی لە هەموو ماڵێکی عێراقی هەستی پێدەکرێت،بەو پێیەی عێراق وڵاتێکی هاوردەکارە و زۆربەی پێداویستییەکانی خۆراک، دەرمان، کەلوپەلی کارەبایی بە دۆلار دەکڕێت، هەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخی دۆلار دەبێتە هۆی گرانبوونی ڕاستەوخۆی ئەم کاڵایانە، ئەمەش وایکردووە کە خێزانە کەمداهاتەکان نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.
5-زۆربەی فەرمانبەران و کرێکاران مووچەکانیان و ڕۆژانەیان بە دینارە، کاتێک دۆلار بەرز دەبێتەوە، بەهای ڕاستەقینەی مووچەکانیان دادەبەزێت، بۆ نموونە، مووچەیەک کە پێشتر دەیتوانی ٤ فەردە ئارد بکڕێت، ئێستا تەنها ٣ فەردە دەکڕێت، ئەمەش وایکردووە ئاستی بژێوی خەڵک پاشەکشە بکات.
6-بەهۆی ناجێگیری نرخەکان، زۆرێک لە هاووڵاتیان تەنها بۆ شتە زۆر پێویستەکان پارە خەرج دەکەن، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکان سست ببن و خاوەنکارە بچووکەکان دووچاری زەرەر ببن، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کرێکار و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری.
7-دڵەڕاوکێ لەبارەی داهاتووی ئابوری و گرانبوونی ژیان، فشارێکی دەروونی زۆری لەسەر گەنجان و سەرۆک خێزانەکان دروست کردووە، کە هەندێک جار دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.
8-بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراقدا پرسێکی ئاڵۆزە کە پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، تا ئەو کاتەی عێراق نەتوانێت بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاد بکات و پشت بەستن بە هاوردە کەم نەکاتەوە، ژیانی خەڵک وەک بارمتەیەک لە دەست گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلاردا دەمێنێتەوە.