
لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بە شێوەیەکی ڕاشکاو پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ نوری مالیکی دووپات کردەوە وەک کاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووی عێراق.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستووری و تەواو ناوخۆیی عێراقە. چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە'' پڕۆسەکە بەپێی میکانیزمە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەڕێوەدەچێت، بە دوور لە هەر جۆرە سەپاندنی بۆچوونێکی دەرەکی.''
چوارچێوەی هەماهەنگی ئارەزووی خۆی بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە کاریگەرەکانی جیهان دەربڕیوە.
ئاماژەیان بەوە کردووە، بنەمای ئەم پەیوەندییانە دەبێت لەسەر ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیبێت، چونکە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەیە و توانای بەڕێوەبردنی شایستە سیاسییەکانی هەیە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، جەخت لە گرنگی ڕێزگرتن و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کراوەتەوە.
داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کراوە کە زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر کە لەلایەن هەموو لایەکەوە پەسەندکراو بێت، تاوەکو پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی بەڕێوەبچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەک شەممە ١ ی شوبات بڕیارە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرێت، تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدی هاوبەش رێکنەکەوتوون.