
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، چین ئامادەیە بۆ پاراستنی ئاڵوگۆڕە ئاست بەرزەكان لەگەڵ ئیمارات و، قووڵكردنەوەی متمانەی ستراتیژی یەكتر، جێبەجێكردنی ئەو كۆدەنگییە گرنگەی سەركردەكانی هەردوو وڵات بەدەستی هێناوە، هەروەها بەرزكردنەوەی هاوكارییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ بەرزكردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستێكی بەرزتر.
لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ خەلدون خەلیفە ئەلموبارەك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئیمارات لە چین، وانگ ئاماژەی بەوەدا كە چین هاوبەشێكی ستراتیژیی درێژخایەن و متمانەپێكراوی ئیماراتە، ئاماژەی بەوەشكرد، دۆستایەتی و متمانەی یەكتری نێوان هەردوو سەرۆكی دەوڵەت گرنگترین گەرەنتی سیاسی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی چین و ئیمارات دابین دەكات.
وانگ كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمیتەی ناوەندیی سی پی سییە، ئاماژەی بەوەشكرد، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ ئیمارات، بنەمای دیپلۆماسی پتەوی یەكسانی لەنێوان هەموو وڵاتان بەبێ گوێدانە قەبارە و پاڵپشتی بەردەوامی چین بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو نیشاندەدات.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەشەكردن و بەهێزی چین نوێنەرایەتی فراوانبوونی هێزەكانی ئاشتی جیهانی و زیادبوونی هێزی باشووری جیهانی و بەرزكردنەوەی سەقامگیری جیهانی دەكات. لای خۆیەوە خەلدون خەلیفە ئەلموبارەك ڕایگەیاند، چین هاوبەشێكی ستراتیژی گرنگە بۆ ئیمارات، ئاماژەی بەوەشكرد، دۆستایەتی قووڵی نێوان سەركردەكانی هەردوو وڵات سەرمایەیەكی بەنرخە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان. جەختیشی لەوە كردەوە كە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ چین لە پێشینەی كارەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیماراتدایە.
ڕوونیشی كردەوە، ئیمارات متمانەی تەواوی بە پەرەسەندنی داهاتووی چین هەیە و هەمیشە لە ڕوانگەیەكی درێژخایەنەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین كردووە.
ئامادەیی ئیماراتی دەربڕی بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاڵوگۆڕە ئاست بەرزەكان لەگەڵ چین، سود وەرگرتن لە ئەزموونی چین لە بواری حوكمڕانیدا، هەروەها فراوانكردنی هاوكارییەكان لە بوارەكانی وەك ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، وزە، زانست، و تەكنەلۆژیا، لە پێناو بەدەستهێنانی سوودی هاوبەش و دەرئەنجامی بردنەوە-بردنەوە.
سەرچاوە/ شینخوا