
حسێن بەتات، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی لە سەر کردەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری خۆی داوە بۆ هەڵبژاردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ.
بەتات بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: "هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بە فەرمی کاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕابگەیەنن."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "تەباییەکی سیاسی لە ناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی مالیکی لە حکومەتی داهاتوودا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بگرێتە دەست."
بەتات ئەوەشی ووت: "ڕاسپاردنی مالیکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێت، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت."
ئەمە لەکاتێکدایە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو داوای لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە هێزە سیاسییە شیعەکان لەخۆدەگرێت، ناوێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو ڕابسپێرن کە قبوڵکراو بێت لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ ئەوەی تێپەڕێنرێت، بەدوور لەوەی کە خۆی ناوی برد بە "گەڕانەوە بۆ ڕۆژە سەخت و بە ئازارەکان."