
ئەمڕۆ شەممە، هەزاران کەس لە دانیشتووانی پارێزگای سووەیدا لە باشووری سووریا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و دروشمی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینیان بەرز کردەوە. ئەمەش تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە مستەفا بەکوور، پارێزگاری سووەیدا دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری قەیرانەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا خستبووە ڕوو.
خۆپیشاندانەکە لەژێر دروشمی (بوون یان نەبوون )بەڕێوەچوو، تێیدا دروشمی دژی حکومەتی سووریا و ئەحمەد شەرهع سەرۆکی سووریا وترایەوە و داوای جیابوونەوە لە سووریا کرا.
خۆپیشاندەران وێنەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردبووەوە، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی وێنەی شێخ حیکمەت هیجری (یەکێک لە سێ شێخە گەورەکەی عەقڵی دروز لە سووەیدا) و وێنەی موەفەق تریف، ڕابەری ڕۆحیی دروزەکانی ئیسرائیل.