
ئەو ڕۆژەی دوا سەربازی ئەمریکی خاکی عێراقی جێهێشت، گرووپە چەکدارەکان ئاهەنگیان بەبۆنەی ڕۆژی سەروەری گێڕا، بەڵام سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پرسی چەک داماڵین بێ وەڵام مایەوە. لە ناوەڕاستی بەغدا، ئاڵاکانی ئێران بەرزکرانەوە و چەکداران تەقەیان بەئاسماندا دەکرد و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی لەسەر ئاڵای ئەمریکا دەڕۆیشتن.
جیاوازیەکە لەوەدایە ئەو هێزە بیانیانەی کرابوونە پاساو بۆ هێشتنەوەی چەک، وڵاتیان جێهێشت، بەڵام چەکەکان لە شوێنی خۆیان ماون.
گرووپەکان ئامادەییان نیشان نەداوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، لەکاتێکدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، پشت بە مۆڵەتێکی نوێ تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەبەستێت بۆ قەناعەت پێکردنیان.
سەرچاوەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئاشکرایان کردووە کە پرسی داماڵینی چەک بەرەوپێش نەچووە، بەڵکو دەستەواژەکان نەرمکراونەتەوە بۆ ڕێکخستن یان کۆگاکردن.
ئەگەر وادە نوێیەکە بێ ئەنجام کۆتایی بێت، ڕەنگە زەیدی لەنێوان دوو بژارەی سەختدا خۆی ببینێتەوەوە. دەستلەکارکێشانەوە یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گرووپەکان.
