
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی وەزارەتی بەرگری سوریای ڕەتکردەوە کە باس لە ڕێگری کردن لە چوونە دەرەوەی مەدەنییەکان لە شاری "دێر حافر" دەکەن.
هەسەدە ڕایگەیاند'' هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی جووڵەی هاووڵاتیان بۆ پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکانی حکومەتی دیمەشق دەگەڕێتەوە.''
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە حکومەتی دیمەشق لە لایەک باسی ڕێگری لە مەدەنییەکان دەکات، و لە لایەکی دیکەشەوە لە ٦ی ئەم مانگەدا بڕیاری فەرمی داوە بۆ داخستنی سەرجەم دەروازەکان لەگەڵ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
هەسەدە جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی مەدەنییەکان لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەی سەربازییەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێف و میساقی ڕۆما وەک "تاوانی جەنگ" ئەژمار دەکرێت.
هۆشداریش دراوە کە ئەم جۆرە سیاسەتانە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس لە دۆخێکی کەشوهەوای زۆر سەختدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم پێشێلکارییانە.