بە نیگەرانی و بایەخێکی زۆرەوە چاودێری پەرەسەندنە خێراکان دەکەین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە تێیدا هەرەسهێنانی ڕێڕەوەکانی گفتوگۆی لەرزۆک لە نێوان دەسەڵاتە کاتییەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات «قسد»، بووەتە هۆی نوێبوونەوەی پێکدادانی چەکداری و کۆنترۆڵکردنی شوێنە ستراتیژییەکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە دیالۆگی سیاسییەوە بۆ پەرەسەندنی سەربازی، دەرفەتەکانی هێوربوونەوە لەبار دەبات و ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو خولگەی توندوتیژی، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی مرۆیی توند کە لە شەپۆلەکانی کۆچی بەکۆمەڵ لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب و دەوروبەریدا ڕەنگی داوەتەوە، و گەلی سووریای ڕووبەڕووی بارگرانیی بژێوی و ئەمنی کردووەتەوە کە دوای ساڵانێکی درێژ لە شەڕ، چیدی بەرگەی ناگیرێت.
مەترسییەکانی ئەم دیمەنە دوو هێندە دەبن بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر زیندانەکاندا، وەک زیندانی شەدادی و کەمپی هۆڵ، و ئەوەی هاوپێچ بوو لەگەڵیاندا لە ڕاکردنی توخمە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوی «داعش». ئەم پێشێلکارییە ئەمنییە  هەڕەشەیەکی مەترسیدار دروست دەکات کە لە سنوورەکانی سووریا تێدەپەڕێت و دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەمەش پێویستی بە ئامادەباشییەکی ڕاستەقینە هەیە کە لە پەرچەکردارە نەریتییەکان تێپەڕێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری گەڕانەوەی چالاکییە تیرۆریستییە سنووربەزێنەکان.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم وەرچەرخانەدا، حزب هەڵوێستی بنەڕەتی خۆی لە هاوپشتی و پشتیوانیکردنی هێزە دیموکراسییەکان و گەلی کورد لە سووریا نوێ دەکاتەوە، و جەخت دەکاتەوە کە زامنکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و گەیشتن بە فۆرمی گونجاو بۆ بەدیهێنانیان لە ڕێگەی دیالۆگی جددییەوە، باشترین ڕێگایە بۆ سەقامگیری سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی.
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئەو دەستکەوتانەی لە ناوچەکانی "بەڕێوبەرایەتی خۆسەر"دا بەدی هاتوون، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتین بۆ سەقامگیری و بەربەستێکی پتەون لە بەرامبەر تیرۆر، و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانیان بە زەبری هێز، تەنیا دەبێتە هۆی گشتگیرکردنی پشێوی و لاوازکردنی ئاسۆکانی چارەسەری سیاسی نیشتمانی.
لەو سۆنگەیەوە، بەرپرسیارێتی مێژوویی دەخاتە سەر شانی هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سووریا کە ڕێبازی ستەمکاری و باڵادەستی سەربازی ڕەت بکەنەوە، و هەموو جۆرە سەرپەرشتی  و دەستوەردانە دەرەکییەکانی لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییە جیاوازەکان ڕەت بکەنەوە و دەستبەرن بە بژاردەی بونیادنانی سووریایەکی دیموکراس کە دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر بکات، بەدوور لە لۆژیکی چەک.
لە هەمان کاتدا، حزب جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری توند و واقیعی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکات بۆ پاراستنی سنوورەکان، بەدوور لە سەرپێیی  یان بەستراوەیی بە بیرکردنەوە سیاسییە تەسکەکان. پاراستنی عێراق لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو، پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنیی باڵا و خوێندنەوەیەکی وردی ئەو مەترسییانە هەیە کە لە بەرەی سووریاوە دێن، بەو شێوەیەی کە پارێزبەندی وڵات لە لێکەوتەکانی هەرەسە ئەمنییە بەردەوامەکانی وڵاتانی دراوسێ مسۆگەر بکات.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی عێراق
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا