
ڕێگای كوردستان
لە لێدوانێكی توونددا، سەركردەیەكی دیاری كەتائیبی حزبوڵا جەخت دەكاتەوە كە گروپەکەیان بە هیچ شێوەیەک لە ناوچەی جۆرف سەخر ناكشێتەوە، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی قوربانیدانیش، سەرەڕای ئەو مۆڵەتەی كە حوكمەتی عێراق دیاری كردووە.
ئەبو تالیب سەعیدی، سەركردە لە كەتائیبی حزبوڵا، لە میانی گەشتێكی میدیاییدا بۆ ناوچەی جورف سەخر بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند: "بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئەو خەونەی دەیبینن بە كشانەوەی كەتائیب لە جورف سەخر هەرگیز نایەتە دی، تەنانەت ئەگەر لەسەر لاشە و خوێن و برینەكانیشمان بێت؛ ئێمە شوێنەكە جێناهێڵین."
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشكرایان كردووە كه كەتائیبی حزبوڵا ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی لیژنەیەکی دادوەری كردووە بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پشكنین و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە قاچاخی نەوت و پێشێلکارییەکان.
