
ڕێککەوتنەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە کە ڕۆژی هەینی لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندرا، بووە مایەی ئاسوودەیی ئەمریکا، بەڵام ناڕەزایەتی تورکیای لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاردانەوە سەرەتاییەکاندا ڕەنگیدایەوە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس جەختی کردەوە کە "وێستگەیەکی وەرچەرخانی قوڵ و مێژووییە لە ڕێڕەوی سوریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکێتی و سەقامگیری هەمیشەیی".
لە بەرامبەردا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ووتی تورکیا لە نزیکەوە پێداچوونەوە بۆ ڕێککەوتنەکە دەکات.
فیدان لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی لە ئیستانبوڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەکە دەکەین؛ تێکەڵبوونی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندی سوریادایە، و لایەنەکان بە باشی مەرجەکانی دەزانن".
چاودێران پێیان وایە تورکیا شکستیهێناوە لە هەوڵەکانی و ڕێکەوتنەکە بە دڵی ئەو نەبووە، چونکە ڕێککەوتنەکە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لەخۆگرتووە بە شێوەی تاکەکەسی نیە وەک ئەوەی ئەنقەرە فشاری بۆ دەکرد، وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەی ١٨ی ئەم مانگەدا هاتووە.
تورکیا پێی وایە پەیوەندیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە شێوەی فیرقە (لیوا و یەکە) بەواتای مانەوەی "هەسەدە" دێت.
لە بەرامبەردا ئەم شێوازی ڕێکەوتنە تا ڕادەیەک کورد دڵنیا دەکاتەوە لە پارێزراوی و ئیدارەی ئەمریکاش لە ژێر فشاردا، هەوڵی دەدا بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە و سوور بوو لەسەر جێبەجێکردنی.
لەپاڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، شانشینی عەرەبیی سعودیە و فەڕەنسا بەپەلە پێشوازییان لە ڕێککەوتنەکە کرد کە چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی بە گرژییەکان لە ڕۆژئاوا بهێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، ستایشی بەدەمەوەهاتنی حکومەتی سوریا و هێزەکانی هەسەدە دەکەین بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە".
لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، هاوتا سورییەکەی و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد بەبۆنەی "ڕێککەوتنە گشتگیرەکەیان کە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی "پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی دەکات".