
لایەنە کوردییەکان پێشنیازی محەمەد حەڵبووسییان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆککۆمار بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ڕایانگەیاند تا دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی کۆمار لەلایەن کوردەوە، ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیرانیان ئاشکرا ناکەن.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە پەراوێزی مونتەدای دەوحە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پۆستی سەرۆکی کۆمار مافێکی کوردە و ناگۆڕدرێت. باسی لەوەش کرد پێشنیازی حەڵبووسی بۆ گۆڕینەوەی ئەم پۆستە قەبووڵ نییە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دهڵێن ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیران ئاشکرا ناکهن تا ئەو کاتەی لایەنە کوردییەکان کاندیدی سەرۆکی کۆماریان دیاری بکەن. بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆکی کۆمار دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی دوای دەستپێکردنی خولی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، پاشان ئەرکی پێکهێنانی حکومەت بە گەورەترین کوتلەی سیاسی دەسپێردرێت.
بیست ڕۆژ تێپەڕیوە لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام هێشتا کاندیدی هیچ یەکێک لە سێ پۆستە سەرۆکایەتییەکە دیارینەکراون، ئێستاش ململانێ و کێبڕکێیەکی توند لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار هەیە، هەردووکیان ئەم پۆستە بە مافی خۆیان دهزانن.