ڕێگای کوردستان

لە دوای تێپەڕبوونی مانگێکی پڕ لە گۆڕانکاریی خێرا و مێژوویی، ئێستا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر لێواری ڕووخاندایە.
 لە مانگی 2ی ئەمساڵدا، بەهۆی هێرشێکی چڕ و فراوانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، گورزێکی کوشندە بەر تاران کەوت.
لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، نەک تەنها ڕابەری باڵا و زۆربەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان کوژران، بەڵکو کەرتی سەربازی و ئەمنیی ئەو وڵاتە وێران کرا و دەکرێت بڵێێن لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسیی دروستکردووە کە زەنگێکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناوچەکەدا.

ئەم دۆخەی ئێستا، ڕاستەوخۆ بیرەوەرییەکانی مانگی شوباتی ساڵی 1991 بەبیر دەهێنێتەوە، کاتێک ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، سوپای عێراقیان لە کوێت و ناوخۆی وڵاتەکە تێکشکاند و تەواوی دامەزراوە سەربازی و هەستیارەکانی ڕژێمیان وێران کرد.
 ئەو شکستانەی بەغدا، دەرفەتێکی زێڕینی ڕەخساند کە ڕێک لە مانگی ئاداری  هەمان ساڵدا، گەلی کورد لە باشووری کوردستان ڕاپەڕینی مەزنی ئەنجامداو تەواوی خاکی کوردستان، بە کەرکوکیشەوە ئازادکرا.

 دواتر بەهۆی دیاریکردنی هێڵی 36 لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پارێزبەندیی بۆ دروستکرا و بووە هەوێنی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت و قەوارەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان.

ئێستا کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵداین و سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران لە لێواری داڕمانێکی تەواوەتیدایە، پرسیارە هەرە ستراتیژییەکە ئەوەیە، ئایا ئەوەی لە 1991، لە باشووری کوردستان ڕوویدا، دەکرێت لەم بەهار و ئادارەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە ببێتەوە؟ 

هەرەسهێنانی کۆڵەکەکانی دەسەڵات لە تاران و نەمانی سەروەریی سەربازیی ئێران، هەمان ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات ڕەخساندووە، بۆشاییە گەورەکەی دەسەڵات و نەبوونی هێزێکی ناوەندیی تۆکمە بۆ سەرکوتکردن، زەمینەیەکی گونجاوی ڕەخساندووە کە هاووڵاتییان و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕن، شارەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن و ئیدارەی ناوچەکانیان بگرنە دەست.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە تەنها پەیوەست نییە بە داڕمانی ڕژێمەکەوە، بەڵکو پێویستی بە یەکڕیزیی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات هەیە.
 بۆ ئەوەی ئاداری ئەمساڵیش ببێتە دووەم وەرچەرخانی مێژوویی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا