
سەرۆکی هاوپەیمانی حکومەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییە لەلایەن ئەمریکاوە و ئەوەی ڕوویدا دوای پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە کاندیدبوونی بۆ ئەم پۆستە بڵاوکردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ قبوڵکردنی هەندێک مەرج پشتڕاستکردەوە.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی حکومەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هاووڵاتییەکی عێراقییە و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن دامەزراوەیەکی عێراقییەوە بووە، کە چوارچێوەی هەماهەنگییە، هەر بۆیەش ئەگەری کشانەوەی لەسەر داوای وڵاتێکی بیانی نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ لەلایەن سێ وڵات و لایەنە ناوخۆییەکانەوە بەلاڕێدا براوە سەبارەت بە کاندیدکردنی بۆ خولی سێیەم، دەشڵێت:" بیستوومە کە ئەم تویتە لێرە نووسراوە، بەڵام تا ئێستا پشتڕاستم نەکردووتەوە".
مالیکی بە ئاماژەدان بەوەی کە کاندیدبوونی عێراق ناخاتە بەردەم سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بابەتە بە ئامانجی فشارخستنە سەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاندیدبوونەکەی وروژێنراوە.
بە وتەی سەرۆکی هاوپەیمانی حکومەتی یاسا، ئامادەیە کاندیدکردنی بۆ سەرۆک وەزیران هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لێبکەن.