
عامر فایز، سەرۆکی فراکسیۆنی "تەسمیم" لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد ،کە مارک ساڤایا نێردەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵوێستێکی ڕوونی واشنتۆنی گەیاندووە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی دەوڵەت لەلایەن ئەو کەسایەتییانەی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە، بەتایبەتی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
فایز لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "نێردەی سەرۆکی ئەمریکا مارک ساڤایا نامەیەکی گەیاندووەتە هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە؛ حکومەتی ئەمریکا ڕازی نییە بە بوونی ئەندامێکی گرووپە چەکدارەکان لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، کە مەبەستی عەدنان فەیحانە". ئاماژەی بەوەش کرد کە وەڵامی چوارچێوەکە ڕوون بووە و وتوویانە "ئەم بڕیارە پرسێکی ناوخۆییە و واشنتۆن مافی دەستوەردانی تێدا نییە".
هەروەها وتیشی: "هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو بیرۆکەیە بوو کە ئەم دۆسیەیە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و لایەنە سیاسییەکان مافی یەکلاییکردنەوەیان هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا واشنتۆن پێی وایە مافی خۆیەتی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی داهاتوو بکات یان ڕەتی بکاتەوە بەگوێرەی پێکهاتەکەی". ئاماژەی بەوەش کرد کە "ناڕەزایەتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕوونی لە ڕۆڵی بەشداریی گروپە چەکدارەکان بووە لە حکومەتی داهاتوودا".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێرانیش، فایز ڕوونی کردەوە کە "پیرۆزبایی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵا بۆ ڕێڕەوی کارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ناوی نوری مالیکی بە ڕاشکاوی تێدا نەبووە". ئاماژەی بەوەش کرد کە دەقی نامەی یەکەم بەم شێوەیە بووە: "پیرۆزبایی ڕێککەوتن و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانتان لێ دەکەین لە کاتی دەستووریی خۆیدا".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دوای ئەوە داوای ڕوونکردنەوەی نوێ لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کرا، سەبارەت بەوەی ئایا ئەم پیرۆزباییە مەرجدارە بە هەبوونی کۆدەنگی لە ناو پێکهاتەی چوارچێوەکەدا، بەتایبەت کە کۆدەنگی بەتەواوی بەدی نەهاتبوو؛ بۆیە وەڵامی دووەم لەلایەن خامنەییەوە هات کە پیرۆزباییەکە هەڵبژاردنی ناوەکە دەگرێتەوە تەنانەت ئەگەر کۆدەنگیش نەبێت، چونکە یەکلاییکردنەوەی ناوەکە لە کاتە دەستوورییەکاندا باشترە لە دواخستنی شایستەکان".
فایز ڕایگەیاند: "هیچ ناڕەزایەتییەکی فەرمی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی لەسەر کەسایەتی مالیکی نەگەیشتووە، بەڵکو تێبینییەکان لەسەر دۆسیەی گروپە چەکدارەکان و پێگەکانیان بووە لە دەوڵەتی عێراقدا". ئاماژەی بەوەش کرد کە "چوارچێوەی هەماهەنگی مامەڵە لەگەڵ ئەم نامانەدا دەکات وەک زانیاری دەرەکی کە دەخوێنرێنەوە و هەڵدەسەنگێندرێن، بەڵام دواجار بڕیاری پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی پۆستەکان هەر بە بڕیارێکی عێراقی دەمێنێتەوە".