
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا ئێران بەدەست گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکاوە دەیناڵاند و ساڵانە زیاتر لە 50 بۆ 60 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوت لەدەستدەدا، هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی ئێستای ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران، بەتەواوی ئەو وڵاتەی خستووەتە لێواری داڕمانێکی یەکجارییەوە. زیانەکانی نەفرۆشتنی نەوت ئێستا بەهۆی بارودۆخی جەنگ و مەترسیی بەردەوامی لێدان لە دامەزراوە نەوتییەکان دوو هێندە بووەتەوه و بازرگانییە شاراوەکانیشی بۆ فرۆشتنی نەوت بەتەواوی ئیفلیج کردووە.
لە سایەی تێکەڵبوونی گەمارۆکان و ئەم شەڕە کراوەیەی ئێستادا، ژیانی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە کارەساتبارترین ئاست. ترس و دڵەڕاوکێی جەنگ وایکردووە بەهای تمەن بە یەکجاری هەرەس بهێنێت، هەڵاوسان سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بازاڕەکان تووشی شۆکی کەمیی کاڵا، خۆراک ، دەرمان بوون. خەڵکی ئاسایی ئێستا نەک تەنها لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵکو ڕووبەڕووی ترس لە برسێتی و لەدەستدانی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بوونەتەوە، چونکە حکومەت زۆربەی پاشماوەی سەرچاوە داراییەکانی بۆ خەرجییە سەربازییەکان و بەرەی جەنگ تەرخان کردووە.
ئەم جەنگەی ئێستا، کە لە ململانێیەکی ساردەوە گۆڕاوە بۆ پێکدادانێکی گەرم، کاریگەرییەکانی بۆ سەر ئێران زۆر ترسناکتر دەبن.
بە بۆچونی شارەزایانی ئابوری و سیاسی، بەردەوامیی شەڕەکە و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژێرخانە ئابووری و وزەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، شیرازەی ئابووریی وڵاتەکە بەتەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە.
پێشیان وایە، ئەم دۆخە نەک تەنها قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە ناوخۆدا درووست دەکات، بەڵکو فشارە دەرەکییەکان و قەیرانە ناوخۆییەکان پێکەوە، ئەگەری تەقینەوەی توڕەیی جەماوەری و سەرهەڵدانێکی گەورە دژی دەسەڵات نزیک دەخەنەوە، کە ڕەنگە کۆتایی بە دەسەڵاتدارانیی وڵاتەکە بهێنێت.