
ڕێگای کوردستان
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە هەرێمایەتییەکان و توندبوونەوەی جەنگ و ململانێ و کاولکاریەکانی، نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، دۆخی ئەمنیی و سیاسیی عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارو مەترسیدارەوە.
ئەو گروپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کاردەکەن، ئێستا عێراقیان بەتەواوی بەستووەتەوە بەم شەڕە هەرێمایەتییەوە.
میلیشیاکان، وەک بەشێک لە بەرەی لە تاران و بە بیانووی بەرگریکردن لە ئێران و شەڕ لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و بۆردومانکردنی هەولێر و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە، ئەمەش عێراقی خستووەتە ناو شەڕێکی دۆڕاوەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانییەوە نییە.
لەم نێوەندەشدا، حکومەتی فیدراڵی بەتەواوی دەستەوەستانە و توانای ڕاگرتنی ئەم مووشەکبارانە و کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراقی لەدەستداوە.
بەردەوامیی ئەم هەڵوێستەی میلیشیاکان، وڵاتەکە دەکاتە گۆڕەپانی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی حیساباتەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەگەر بەغدا نەتوانێت خۆی لەم ململانێیە بەدوور بگرێت، ئەوا ئەگەری هەیە عێراق ببێتە ئامانجی هێرشی پێچەوانەی توندی ئەمریکا یان ئیسرائیل، کە ئەمەش ژێرخان و ئابووریی لاوازی وڵاتەکە بەتەواوی وێران دەکات.
چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێراق خەریکە باجی سەرەکیی شەڕی وەکالەت لە ناوچەکەدا دەدات.
بە بڕوای شرۆڤەکاران، لاوازیی حکومەت وایکردووە بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە دەستی عێراقییەکان دەربچێت و بەپێی ئەجێندای تاران دابڕێژرێت، ئەمەش عێراقی کردووە بە قەڵغانێکی بەرگری بۆ ئێران.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە دەستەوەستانی بەغدا بەرامبەر هێرشەکانی سەر هەولێر و تێوەگلانی گروپەکان لەم شەڕەدا ، نەک تەنها عێراق بەرەو گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی دەبات، بەڵکو مەترسیی ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو سەنتەری گێژاوێکی وێرانکەر دەبات کە تەنها هاوڵاتیانی عێراق باجە قورسەکەی دەدەن.