
سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی دەستگیر كردنی ئەو گروپانەی دەركرد كە هێرشیان كردۆتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و ئەو كردەوانەی بە تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی دانا.
محەممەد شیاع سوودانی، ئەم کارەی بە کردەوەیەکی "تیرۆریستی و پاساو هەڵنەگر" ناوبرد کە زیانی گەورە بە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی وڵات دەگەیێنێت و دووپاتی کردەوە کە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە.
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، سوودانی پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەو لایەنانە کردووە کە پابەندی یاسا نابن و ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپانە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "بڕیاری جەنگ و هەر کردەوەیەکی سەربازی تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە" و حکومەت تەنیا لایەنی فەرمییە کە نوێنەرایەتیی بڕیاری نیشتمانی دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە جووڵەیەکی چەکداریی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ناوچەی سەوز و بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە، کە ئەمەش حکومەتی عێراقی خستووەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لەوەی خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان.