ڕێگای كوردستان


سوپای ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان کەلوپەل و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا سیستەمی مووشەکی پاتریۆت، لە بنکەیەکی سەربازیی لە ناوخۆی کوەیت.
بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە: «بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای ئێران سیستەمی بەرگریی پاتریۆت و سەکۆکانی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک (هەڵگرەکان)ی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی عەلی السالم لە کوەیت کردە ئامانج».
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: «ئێمە لە بەرگریکردن لە ئێران سەر بۆ هیچ دەسەڵاتێک دانانوێنین، بەڵام وەڵامدانەوەمان بۆ هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک یەکلاکەرەوە و بێسنوور دەبێت».
جێگەی باسە، بنکەی ئاسمانیی عەلی السالم بنکەیەکی گرنگە، ناوەندی سەرەکیی گواستنەوەی ئاسمانی و دەروازەی هێزە سەربازییەکانە بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ستراتیژی سەربازیی و لۆجستیکی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگێڕێت.
هەڵوێستی ئەمریکا
ئەم هێرشەی ئێران لەکاتێکدایە، بەرپرسێکی ئەمریکی (کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت) ڕایگەیاندووە: «فڕۆکە جەنگییەکان مووشەکی وردیان بەکارهێناوە بۆ بەئامانجگرتنی شوێنی هەڵدانی مووشەکەکان بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆیان». ناوبراو ئەوەی بە وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران وەسف کرد، کە بە «دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندان و سەروەت و سامانی ئەمریکی» ناوی برد.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخەکە «زۆر لە نزیکەوە» و هێزەکانی «بەتەواوی ئامادەکارییان بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کردووە»، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێرشەکە وەڵامی «هێرشێکی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران بووە کە کارمەندان و کەرەستەی ئەمریکی کردبووە ئامانج».
لە لایەکی ترەوە، هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەتیکردەوە هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دەستپێبکات بە مەرجێک دانوستانەکان بەرەوپێش بچن، بەڵام ڕەتینەکردەوە کە کردەوەی سەربازیی زیاتر ئەنجام بدرێت.

 

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا