
لە پەرەسەندنێکی نوێی مەیدانیدا، محەمەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، واشنتۆنی ئاگادار کردەوە کە هێزەکانیان "دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە" بۆ وەڵامدانەوەی هەر تحرشێکی سەربازی، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کەشتیگەلی جەنگیی ئەمریکا لە کەنارئاوەکانی کەنداو. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە پاکپوور ساڵی ڕابردوو لە دوای کوژرانی حوسێن سەلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا، فەرماندەیی سوپای وەرگرت.
هاوکات عەمید عەلی عەبدوڵا عەلی ئابادی، فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی ئێران (خاتەمولئەنبیا)، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەر هێرشێکی ئەمریکا وا دەکات تەواوی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا ببنە ئامانجی ڕەوای تاران. بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بۆ "خراپترین سیناریۆ" لە ئامادەباشیدایە و مامەڵە لەگەڵ هەر هێرشێکدا وەک "جەنگی گشتگیر" دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە
کە خۆپێشاندانە جەماوەریەکانی ئێران تەنگی بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەڵچنیوەو ڕووبەڕووی دۆخێکی مەترسیداری ناوخۆی کردۆتەوەو بوەتە یەکێک لە گەورەترین تەحەددییەکانی بەردەم دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە .