
دوای ئەوەی کوڕی خامنەیی ، لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانی ئێرانەوە بە فەرمی وەک سێیەمین رێبەری ئێران دیاری کرا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەم بابەتە بە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی ڕاگەیاند: "دەبینین چی ڕوودەدات".
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەو بڵاوکراوەی کە دوای هەواڵی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی لە لایەن مەجلیسی شارەزایانەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر هەڵبژاردنی موجتەبا بدات، و خۆی سنووردار کرد و تەنیا وتی "دەبینین چی ڕوودەدات".
ئاژانسی فەرمی ئێران، ئیرنا ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی شارەزایانی وڵاتەکەیان لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، ئایەتوڵا سەید موجتەبا خامنەیی بە سێیەم ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیان هەڵبژاردووە".
ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە ڕای گشتی رایگەیاندووە کە، دوای لێکۆڵینەوەکانی ورد و لەسەربنەمای ماددەی ١٠٨ی دەستووری وڵات، بە پێی ئەرکی شەرعی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە، ئایەتوڵا سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی بە دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان وەک سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری و ڕادەگەیەندرێت.
ئەنجوومەنی شارەزایان داواشی لە هەموو چین و توێژەکانی گەلی ئێران کردووە کە "بەیعەت"ی خۆیان لەگەڵ ڕێبەری نوێ ڕابگەیەنن.
موجتەبا خامنەیی لەدایکبووی ١٩٦٩ لە مەشهەد باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و دووهەمین کوڕی عەلی خامنەییە و دوای شۆڕشی ئێران هاتووەتە تاران.