نووسەر و توێژەر، ڕابەر تەڵعەت، لە وتارێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە لۆژیکی زۆرینە، هاوکات سێ کارتی سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەترسییەکانی بەردەم قەوارەی هەرێم دەستنیشان دەکات.
ڕابەر تەڵعەت ئاماژە بەوە دەکات کە دوای هەنگاوەکەی پارتی، یەکێتی کەوتووەتە بەردەم وێستگەیەکی چارەنووسساز و چاوەڕوان دەکرێت مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە کۆببێتەوە. بە بڕوای ئەو توێژەرە، لەم هاوکێشەیەدا یەکێتی خاوەنی سێ بژاردە و کارتی سەرەکییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە:
1. پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق: بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمان، بە پاساوی پێشێلکردنی بنەمای تەوافوق.
2. مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا: هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی دارایی و کارگێڕیی سلێمانی لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ پرسی مووچە، بودجە و هێزە ئەمنییەکان.
3. کارتی وزە و جوگرافیا: بەکارهێنانی پێگەی جوگرافی و وزە، بەتایبەت کێڵگەی غازی کۆرمۆر، وەک ئامرازێکی گوشار لە دانوستانەکاندا.
لە بەرامبەردا، ئەو نووسەر و توێژەرە باسی لە خاڵە بەهێزەکانی پارتی کردووە و دەڵێت: "پارتی خاوەنی شەرعییەتی زۆرینەی پەرلەمانی، کۆنترۆڵکردنی پایتەخت، دەروازە بازرگانییەکان و پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ مانەوەی هەرێم بە یەکگرتوویی؛ دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە یارییەکە بکاتە ئەمری واقیع و یەکێتی ناچار بکات بە مەرجی نوێوە بگەڕێتەوە بۆ حکومەت."
لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، ڕابەر تەڵعەت هۆشداری لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم ململانێیە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم یارییە مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست کردووە؛ چونکە ئەگەر پارتی بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت، شەرعییەتی سەرتاسەری لەدەست دەدات و دەسەڵاتەکەی لە هەولێر و دهۆک کورت دەبێتەوە، یەکێتیش ئەگەر سلێمانی بخاتە باوەشی بەغداوە، سەربەخۆیی حزبی و دارایی خۆی لەدەست دەدات.
ئەو توێژەرە جەخت دەکاتەوە کە لەم هاوکێشەیەدا نە هەولێر و نە سلێمانی براوە نین، بەڵکو براوەی سەرەکی حکومەتی بەغدایە، کە ئێستا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە بە بەرگێکی یاساییەوە خەونی کۆتاییهێنان بە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بهێنێتە دی.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا