
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو هێرشە سەربازییانەی کرد کە کرانە سەر ناوچە جیاجیاکانی ناوەڕاستی وڵات و هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە کارە چەکدارییانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری نیشتمانی و ناتوانرێت بێدەنگییان لێ بکرێت.
حکومەتی عێراق هۆشداری دا لەوەی ئامانج لەم هێرشانە پەلکێشکردنی وڵاتەکەیە بۆ ناو ئەو ململانێ و جەنگە فراوانەی کە ئێستا ناوچەکەدا دەگوزەرێت.
جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی جێگیری عێراق لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی شەڕ و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە داڕێژراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە'' عێراق هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ بووە و ڕۆڵی هەبووە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا، هەر بۆیەش ئێستا سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتە سەربازییانە دەکات کە دەکرێنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هۆشداری دەدات کە فراوانبوونی بازنەی شەڕ مەترسی بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات.''
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوە هاوسۆزی خۆی بۆ وڵاتانی کەنداو دەربڕی و ڕایگەیاند'' پاراستنی سەروەری نیشتمانی و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان.''
داواشی لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارانە ڕەفتار بکەن بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ململانێی خوێناوی.