
مهاباد ئازاد شاڵی
جیاکاری ڕەگەزی دژی ژنان یەکێکە لەو ئاریشە قووڵ و دیرۆکییانەی کە نەک تەنیا سیمایەکی ناڕەوای هەیە، بەڵکو بەربەستێکی هەمیشەییە لەبەردەم گەشەسەندنی هۆشیاری و ئارامیی کۆمەڵگەدا. جیاکاری واتە هەر جۆرە جیاکاری، سنووردارکردن یان بێبەشکردنێک لەسەر بنەمای ڕەگەز، کە بۆ مەبەست یان دەرئەنجام ببێتە هۆی پەکخستن یان نەهێشتنەوەی دانپێدانان، بەدەستهێنان یان جێبەجێکردنی مافە مرۆییەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە بوارە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مەدەنییەکاندا. ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر لە بازاڕی کار، توندوتیژیی خێزانی، و سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسی و یاساییەکاندا خۆی دەردەخات و کاریگەریی نەرێنیی قووڵ لەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دروست دەکات.
کاریگەرییەکانی جیاکاریی ڕەگەزی تەنیا سنووردار نییە بۆ سەر تاک، بەڵکو کۆمەڵگە بە تەواوی باجی دەدات، چونکە پەرەپێدانی مرۆیی هەرگیز بەبێ بەشداریی کارای نیوەی کۆمەڵگە بەدی نایێت و پشتگوێخستنی ژنان واتە خنکاندنی تواناکانی کۆمەڵگە بە ڕێژەی پەنجا سەدی. کاتێک نیوەی کۆمەڵگە لە چالاکیی ئابووری و بەرهەمهێنان بێبەش دەکرێت، داهاتی نیشتمانی و گەشەی ئابووری ڕووبەڕووی لاوازی دەبێتەوە و مەترسیی هەژاری زیاتر دەکات. لە لایەکی ترەوە، ژنان وەک دایک و پەروەردەکار ڕۆڵی سەرەکییان لە دروستکردنی کۆمەڵگەدا هەیە، بۆیە چەوساندنەوە یان بێبەشکردنیان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دواکەوتنی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی نەوەی نوێ، دروستبوونی فشاری دەروونیی قورس، و پەککەوتنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، چونکە کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای نایەکسانی بێت، ناتوانێت ئارامی و گەشەسەندنی بەردەوام بەدەستبهێنێت.
بەکارهێنانی ئەم تێڕوانینە گشتییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، قەبارەی ئاریشەکە زیاتر دەردەخات، چونکە کۆمەڵگەی کوردی سەرەڕای هەنگاوە سەرەتاییەکانی گەشەسەندن و بەدیهێنانی هەندێک دەستکەوتی مەدەنی، هێشتا لەژێر کاریگەریی قورسایی مێژوویی، کەلتووری پیاوسالاری و پاشماوەی بزاوتە کۆمەڵایەتییە کلاسیکییەکاندا دەناڵێنێت. لە هەرێمدا، سەرەڕای بوونی ژمارەیەک دامەزراوە و یاسای تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافەکانی ژنان، بەڵام جیاکاری و توندوتیژی لە شێوەی جیابووەوەی یاسایی، بەرتەسککردنەوەی ڕۆڵی سیاسی، و کێشە قووڵەکان لە بازاڕی کاردا بەردەوامن. کەلتووری توندوتیژیی خێزانی و دیاردە مەترسیدارەکانی وەکو کوشتن بە ناوی نامووسەوە، هێشتا وەک برینێکی کراوە لە جەستەی کۆمەڵگەدا دەمێننەوە. کێشەی بنەڕەتی لە هەرێمدا تەنیا لە لاوازیی یاساکاندا نییە، بەڵکو لەو دواکەوتنە فیکری و کۆمەڵایەتییەدایە کە ژن هێشتا وەک بوونەوەرێکی پلە دوو سەیر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە تەنیا بە چاکسازیی ڕووکەش ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری و هۆشیاری هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە نادادپەروەرەی کە ساڵانێکە کۆمەڵگەی لە چوارچێوەی نەریتە کۆنەپەرستەکاندا بارمتە کردووە.
