
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند، کەمینەکان لە سووریا "بە بێدەنگی کۆمەڵکوژ دەکرێن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کوردەکان لەوێ لەسەر بنەمای ناسنامەکەیان ڕووبەڕووی ئاوارەکردن و چەوسانەوە دەبنەوە.
لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) وەزارەتەکە ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی ناونیشانی هەواڵە جیاوازەکانە، کەمینەکان لە سووریا بە بێدەنگی دەسڕێنەوە و کۆمەڵکوژ دەکرێن".
زیاتر دەڵێت: "کوردەکان لە سووریا ڕووبەڕووی ئاوارەکردن، چەوسانەوە و توندوتیژیی سیستماتیک دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ناسنامەکەیانەوەیە و هەر لەبەر ئەوەش تووشی چەوسانەوە دەبن".
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی لە بێدەنگی جیهان گرت و جەختی کردەوە کە "مافەکانی مرۆڤ گەردوونین و نابێت بە شێوەیەکی بژاردەیی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت". هەروەها هۆشداریشی دا کە "بێدەنگی بەرامبەر بەم پێشێلکاریانە و کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بە واتای بێلایەنی نایەت".