
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی د. محەممەد ئەبو خەیر شوکری، وەزیری ئەوقافی سووریای لەسەرە و لە ڕێککەوتی ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەرچووە، حکومەتی دیمەشق هێرشە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە "فتوحات" وەسف دەکات.
نووسراوەکە کە ئاڕاستەی وتاربێژانی مزگەوتەکان کراوە، بە ئایەتی ٩ لە سوورەتی (ئەنفال) دەستپێدەکات؛ ئەمەش کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە، چونکە چەمکی "فتوحات" لە شەریعەتی ئیسلامیدا بەزۆری بۆ جەنگ دژی نامسوڵمانان بەکاردێت، هەروەها ناوی "ئەنفال" یادەوەرییەکی تاڵە بۆ کورد کە لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە وەک ناوی شاڵاوێکی کۆمەڵکوژی دژی ١٨٢ هەزار مرۆڤی کورد بەکارهات.
وەزیری ئەوقافی سووریا داوای لە سەرجەم وتاربێژان کردووە لە هەر پێنج نوێژە فەرزەکەدا ئەنجام بدەن بە مەبەستی نزاکردن بۆ سەرکەوتنی سوپای عەرەبیی سووریا.
لە بەشێکی تری فەرمانەکەدا هاتووە کە پێویستە لە مزگەوتەکانەوە "تەکبیر" لێبدرێت بۆ دەربڕینی خۆشی بەرامبەر ئەو سەرکەوتنانەی سوپا لە دژی گەلی کورد و هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستی هێناون.
دیمەشق ئەم هەنگاوە وەک "گەڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت" و "تێکشکاندنی تیرۆر" دەبینێت و داوا لە دامەزراوە ئایینییەکان دەکات ببەستریتەوە بە پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی ئەم قۆناغە.