
پێشبینی ناکرێت ئەمڕۆ دانشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجامبدرێت.
هەرچەندە بڕیار وابوو ، هەفتەی ڕابردوو سەرۆک کۆماری عێراق، لە دانشتنی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، بەڵام دوای فشار و دژایەتیکردنی ، نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ، لەلایەن بەشێک له سوننە و بەشێک لە شیعەکان و لەلایەکی تریشەوە هەڕەشە ئاشکراکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، دانشتنەکە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخرا.
وا چاوەڕوان دەکرا ، دوای فشارەکان چوار چێوەی هەماهەنگی ، بڕیار لە گۆڕینی مالیکی بە کەسێکی تر بدات، بەڵام ئێوارەی دوێنێ، لە کۆبونەوەکەیاندا، چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ گوێدان بە هەڕەشەو فشارو ناڕەزاییەکان ، پابەندبوونی خۆی بە هێشتنەوەی مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دووپاتکردەوە.
دوا بەدوای بڕیاری هێشتنەوەی مالیکی، وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەمریکا هۆشداری توندی دایە عێراق و ئەو هەنگاوەی بە سوکایەتیکردن بە دۆناڵد ترامپ ناوبرد.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شاندێکی باڵای شیعەکان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، تایبەت بە پرسی سەرۆک کۆمارو یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی لایەنی کوردی سەبارەت بە پرسی پۆستی سەرۆک وەزیران ، کە پشکی شیعەیە.
بەپێی هەندێ لە سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەمریکا هۆشداری توندی بە سەرکردایەتی سیاسی کورد داوە ، لە حاڵەتی پشتیوانیکردن لە نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق..