
ڤیكتۆریا تایلۆر، دیپلۆماتكارو بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی ڕایگەیاند، کاتێک عێراق رۆژانی سەروەری راگەیاند وەک ئاهەنگگێڕان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی پۆڵاین هەستم بە ناڕەحەتی کرد، چونکە ئەم ئەرکە سەربازییە لەسەر داوای خودی حکومەتی عێراق جێبەجێکرا بە مەبەستی روبەڕوبوونەوەی رێکخراوی داعش.
تایلۆر لە سەكۆی (ئێكس) نوسیویەتی، بە تەواوی پێشبینی ئەوەم دەکرد کە لە کۆتاییدا دیمەنێک ببینین کە تێیدا خەڵک، چ بە پیادە چ بە ئۆتۆمبێل، پێ بنێن بە سەر ئاڵای ئەمریکادا، ئەوەش بە كرداری روویدا، ئەمجارەیان لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە، نەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانم ئەم رفتارە گوزارشت لە هەموو عێراقییەکان ناکات، بەڵام پێویست بوو حکومەتی عێراق رفتارێکی باشتر بکات بۆ ئەوەی خۆی لە نیشادانی ئەم جۆرە دژایەتیکردنە ئاشکرایانەی ئەمریکایە بەدوور بگرێت، کە لەلایەن هێزە فەرمییەکانەوە ئەنجام دەدرێن.
