
ناردنی كەشتی جەنگی لە لایەن ئەمەریكاوە بۆ كەنداو، ئێران ئەوە بەهەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر وڵاتەكەی دادەنێ و دەڵێ: لە ئامادەباشی تەواوداین و تەواوی بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا ئامانجی ئێمە دەبێت.
بەرپرسێکی باڵای ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئامادەکاریی ئێرانی بۆ "خراپترین سیناریۆ" لە بەرامبەر "کۆبونەوە سەربازییەکانی ئەمریکا" کە بەرەو ناوچەکە دەڕوات، پشتڕاستکردەوە و هۆشداریدا لەوەی هەر هێرشێك سنوردار یان ورد وەک لەشکرکێشییەکی تەواو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و وەڵامێکی "یەکلاکەرەوە"ی دهدهنهوه.
ئەو هۆشدارییە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک خۆپارێزی، ناردنی "كهشتییهكی گەورە"ی جهنگی بەرەو ئێران ڕاگەیاند، هاوکات هەڕەشەکانی لە دژی تاران نوێکردەوە لەسەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و بەرنامە ئەتۆمیەکەی، ئەوەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردو.
سەرۆک ترهمپ باسی لهوهكردوه، کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئێستادا لە ڕێگای ئێراندان وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسانی سەر کەشتیی هێزی ئاسمانی یەک، وتی، "وەک دەزانن کەشتییەکی زۆرمان هەیە بەرەو ئەوێ دەڕۆن، تەنها بۆ ئەگەرێک، بەلەمێکی گەورەمان هەیە بەرەو ئەوێ و دەبینین چی ڕودەدات، هێزێکی گەورەمان هەیە بەرەو ئێران، پێمباشە هیچ رونهدات، بەڵام ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین".
چەند ڕۆژێک پێشتر ترامپ ڕایگەیاندبو، ئەمریکا، ئێران دەسڕێتەوە ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، ئەوەش لە پەرەسەندنێکی بێوێنەی قسەکانیدا بەرامبەر تاران.