نووسینی –  مامۆستا ڕزگار

ئێمە هەموومان وەكو مرۆڤ، لە دایك دەبین و هەموو ڕۆژێك لە ژیانماندا فێر دەبین و ساڵانێكی درێژ دەخوێنین و هەر یەكەمان لە پسپۆڕییەك یان بوارێكی دیاریكراودا تایبەتمەندو شارەزا دەبین. بە بێ لەبەرچاوگرتنی پسپۆڕی و تایبەتمەندییەكانیشمان، پزیشك، سەرباز، بازرگان، مامۆستا، ئەندازیار، جوتیار، ئابووریناس و...تاد، هەر یەكێك لە ئێمە لە هەموو ژیانیدا وهەر لە كاتی لە دایكبوونییەوە، مامەڵە لەگەڵ بڕێكی بێ ئەندازە زۆر لە زانیارییەكان و داتاكان و زانستەكان و بەهاكاندا دەكات و دەیانخاتە خزمەتی ئەنجامدانی كارو ئەرك و پەیوەندییەكانی لەگەڵ خەڵكی ناو كۆمەڵگە. لەبەرئەوەی ژیان بەردەوامەو ڕاناوەستێت، پەیوەندی مرۆڤ بە زانست و زانیاری و ئەزموون و بەهاكانی جێگیرو سەقامگیر نییە، بەڵكو لە گۆڕان و پەرەسەندنێكی بەردەوامدایە، ئەمەش پێویستیی بە هەڵسەنگاندن ونرخاندنی بەردەوام و وردەكاری هەیە. 

ئێمە كە دەژین، بە تایبەتی لەم سەردەمەی ئێستامان، لە جیهانێكداین زانیارییەكان و پێدراوە نوێیەكان و پیادەكارییەكان لە هەموو بارەكانی ژیاندا بێ ڕاوەستان لە هورژمدان و لە بەرفراوانبوونی خێرادان. هەموو ئەمانە پەیوەندیی زانستی و مەعریفیی نوێ دەخوڵقێنن و وا لە مرۆڤ دەكەن، پسپۆڕی وئاستەكەی هەرچییەك بێت، لە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەدا بێت، چونکە هەمیشە پێویستیی بە دڵنیابوون لە زانیارییەكان و وردبینیی داتاكان و بیركردنەوەی ڕژد لە ڕووی ڕاستگۆیی و كاریگەرییەكانی و ئەنجامەكان هەیە، كاتێك ئەم تاکە، یان كەسێكی دیكە، بۆ دەستنیشان كردنی هەڵوێستێك و وەرگرتنی بڕیارێك پشتی پێ دەبەستن. 

مرۆڤ لە جیهانی ئەمڕۆدا پێویستییەكی زۆری بە تێڕامان و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە، لەبەرئەوەی هەمیشە ناچارە پەنا بباتە بەر هەڵبژاردن و وەرگرتنی بڕیارەكان. لە پێناو بژاردەی درووست و وەرگرتنی بڕیاری ڕاستیش پێویستیی بە متمانەكردن بە سەرچاوەكان و وردبینی كردن و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتییانە و بەرئەنجامگیری هەیە. بۆیە توانای سەربەخۆیی لە بڕیار و هەڵسەنگاندن لە كاتی چارەسەركردنی كێشەكان و وەرگرتنی بڕیارەكان بۆتە پێویستییەكی هەرە لە پێشی هێنانەدیی پێشكەوتن و سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكان.

بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەرك و سوودی گرنگی لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵەكان هەیە، لەوانەش:

•    یارمەتیی وەرگرتنی بڕیارە دروستەكان و كەمكردنەوەی هەڵەكان دەدات، چونكە دەكرێ هەڵە چاوەڕوانكراوەكان دەستنیشان بكات و توانای خۆلادانیشی لێیان هەیە.

•    زیادبوونی دەرفەتی سەركەوتن لە كار و پەیوەندییە كەسییەكان و كۆمەڵایەتییەكان.

•    بەهێزكردنی توانا عەقڵییە هزرییەكان و پەرەپێدانی یادگەو جەختكردنەوە، ئەوەش لە میانی كۆشش و تەقەللادان لەسەر فێربوونی بەردەوام و پەرەپێدانی زانستی و مەعریفی.

ڕێگەی بەرەو نوێسازی و داهێنان

  پێویستبوون بە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە، تەنها لەسەر وردبینیی زانیارییەكان و داتاكان و متمانەكردن بە سەرچاوەكان ڕانەوەستاوە، بەڵكو بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆتە پێداویستییەكی هەنووكەیی زۆر گرنگ بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییە تیۆرییەكان و پیادەكارییەكان و توانای  ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان و بینینی شتەکان لە جووڵەیان و گۆڕانكاریی بەردەوامی پەرەسەندنیان و بەدەستهێنانی كارامەییە پێویستەكانی بەدواداچوونیان وهەڵسەنگاندنیان و لە ئەنجامیشدا وەرگرتنی هەڵوێست، ئەمەش زانستەكان و تەكنەلۆژیا و خێرایی لە هەمەجۆربوونی گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و پزیشكی و پیشەسازیی دەرمان و گەیاندن و پەیوەندیكردن و گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بەهاكانیش دەگرێتەوە. 

لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنانە لە سەرجەم بوارەكانی ژیان و كۆمەڵگە، خەریكە ڕاگەیاندن و وردبینی و هەڵوێستە ڕەخنەییەكان، پێگەی دیار و بەرچاو و ئەركی گرنگ و هەمەلایەنەیان ببێت، لە گەڕان و كۆكردنەوەی زانیارییەكان، چاودێری، دۆزینەوە، تیشك خستنەسەر واقیع و وردبینی كردنی، بەمەش ڕاگەیاندن دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەدەستهێناوە ، بە شێوەیێک كە ئەمڕۆكە بە دەسەڵاتی چوارەم ناودەنرێت. بۆیە دەبینین كە توانای بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆتە ئامانجێك لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی فێركردن و پەروەردە و بە تایبەتی خوێندنی زانكۆیی لەو وڵاتانەی كە سوورن لەسەر بواری پەروەردەی ڕاستەقینە ومۆدێرن و بایەخ بە سەقامگیری و پەرەسەندن و گەشەسەندنی بەردەوامی دەدەن. 

ژیانی ئێمەی مرۆڤ سەپێندراو و دیاریكراو و جێگیر نییە، بەڵكو لە گۆڕاندایە و شایانی پەرەسەندن و باشتركردنیشە، ئەمەش پەیوەستە بە بیركردنەوەو پەرەپێدانی زانست و زانیارییەكانمان و پیادەكردنە كردارییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا، ئەو پەرەسەندنەی كە پێویستیی بە تێڕامان و بیركردنەوەی عاقڵمەندانە و ئامانجدار هەیە، بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەش بە تایبەتی وەكو رێگەیەكی مامەڵەكردن و وەرگرتنی بڕیارەكانە لە هەموو داتاكان و گریمانەكان و تیۆرەكان و شتە بەڵگەنەویست و باوەڕییەكان، بە مەبەستی باشتركردن و پەرەپێدانیان. بەمەشێوەیە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە ڕێگەی بەرەو نوێسازی و داهێنان، ئەو ڕێگەیەی كە لە پرسیار و گومان دەست پێ دەكات و دەبێتە مایەی هەڵسەنگاندنی كارەكان و دەرئەنجامیش وەرگرتنی بڕیارە دروستەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر هەموو ئاستەكان.

دەتوانین ئامانجی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بەم جۆرەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:

1.  خوڵقاندن ، یان دۆزینەوەی بژاردەی زیاتری كرداری.

2.  خوڵقاندن و دۆزینەوەی بەرئەنجامگیریی مسۆگەرو ئارامتر.

3.  ڕوونی لە ئەنجامەكان و دەرئەنجامە چاوەڕوانكراوەكان.

4.  ڕەنگدانەوە و بەرجەستەكردنی هەمەچەشنەیی.

   پێویستە ئەم بوارە زیندوو و سەرەكییانە بخرێنە بەر گفتوگۆ، نەخاسمە كە ئێمە ئەمڕۆ لەسەردەمی زانیارییەكان و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و ململانێ و كێبڕكێدا دەژین، لە جیهانێك كە ڕووبەڕووی كێشەی گەردوونیی گرنگ دەبێتەوەو هەڕەشە لە تەواوی چارەنووس و ئایندەی مرۆڤایەتیی سەر هەسارەكەمان دەكات، لەوانە كێشەی گۆڕانكارییە كەشوهەواییە پەیوەستەكان بە شێوازی بەرهەمهێنان و ژیان، كێشەكانی ئاو و وشكەساڵی، كێشەی هەژاری و جیاوازیی بژێوی كە لە ناو زۆربەی هەرە زۆری گەلان و هەژاران و نێوان ئەو دەوڵەمەندانەی ڕۆژانە دەوڵەمەندتر دەبن زیاتر دەبێت و كێشەی جەنگ و ململانێی سەربازیی نێوان جەمسەرە ململانێكارەكان و ئەوانەی عەمباری تۆقێنەری چەكی ئەتۆمیی كاولكەریان هەیە، سەرباری هەڕەشەكانی پەرەسەندنی زیرەكیی دەستكرد كە خەریكە ئێستا لە هەموو شوێنێك لە دەرگاكان دەدات. زێدەباری هەموو ئەمانە بەرەنگاربوونەوەی بانگەشەو ڕاگەیاندنی بەرەڵڵا و نا بەرپرس و بڵاوكردنەوەی زانیاری و داتا و بەڵگە ساختەكان و فێڵ و فریودان و تەڵەكەبازی و بەزاندنی سنووری تایبەتمەندییەكان.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا