ئەحمەد کامەران

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەمووکاتێکدا زیاتر لەجاران لەنێو گێژاوی سیاسی دایە ، ڕوونیش نییە ئاخۆ چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هانگاو دەنێت ...

ئیمڕاڵی لە ڕووی جوگرافیاوە دەکەوێتە وڵاتی تورکیا، بە دوورگەیەکی بچووکی دەریای مەڕمەڕە لە باشووری ئیستەنبۆڵ هەژماردەکرێت. ئەم دوورگەیە لە مێژووی تورکیادا تایبەتە بە زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان و کەسانی شۆڕشگێڕ . لە دیارترین ناو لە بزوتنەوەی شۆڕشی ئازادی کوردا عەبدوڵا ئۆجەلانە ، کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە ئیمڕالی زیندانی کراوە . هەرئەمەش دواجار وایکردبوو پرسی کورد لە باکووری کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  قوڵتر بێتەوە . هاوکات پرسی ئیمڕاڵی نەک تەنیا پەیوەست بێت بە باکووری کوردستان ، بەڵکو گرێدراوی سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان و ناوچەکەیە . بە دیاری کراویشدا لە ئانووساتی ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانێکی چاوەڕوانەکراو دایە ، هەرچی کوردیشە کارەکتەری سەرەکی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەئەمڕۆدا .بۆیە هەرگۆڕانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات ، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد دیار دەبێت . ئەگەرچی لە ئێستادا بەشێکی هەرە پرسی گرنگی کورد لە

دوورگەی ئیمڕاڵی بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوەو ، زۆر گرنگە هەموولایەک بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بکات ، ئەگەرنا دووبارە کورد دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغە سەختەکانی پێش پڕۆسەی ئاشتی .

بە پێی  هەواڵی ئەلمۆنیتەر کە ئاماژەی پێ دەکات لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۲٥ ، ئۆجەلان نامەیەکی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەکات و داوای لێ دەکات لە پڕۆسەی ئاشتی تورکیا  هاریکار بن . لەناوەڕاستی ئەو ساڵەدا دوای زیاتر لە نیو سەدە لەخەباتی چەکداری ، دواجار بەبڕیاری ئۆجەلان پڕۆسەی ئاشتی ڕادەگەیەنێت و کۆتایی بەخەباتی چەکداری دەهێنێت لەبەرامبەری تورکیادا . بەسووتاندنی چەک ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کورد تاکە نەتەوەی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوینە بەردەوام لەگەڵ ئاشتیدایە نەک جەنگ و تیرۆر . بەڵام هەرگیز دووژمن ناخوازێت لەگەڵ کوردا ئاشتی خواز  بێت ، تەنیا دەخوازن ئەوان ئاغا بن  ئێمەش کۆیلەو بن دەستیان بین . بەڵام ئەو ڕۆژگارە بۆ دووژمن کۆتایی هات کە ئیتر بیر لە بچووکردنەوەی کورد بکەن. بۆیە زۆر پێویستە ئێمەی گەنجی دواڕۆژ زۆر وشیاربین لەبەرامبەری دووژمنانی خۆمان. هەروەکو جەنابی عوسمان بایدەمیر دەڵێت : دووژمنی باب و باپیرانمان ، نابنە دۆستی گەنجەکانمان .

  لەبەشێکی دیکەی نامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەمجارەیان  پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت ، نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستان  سوودی دەبێت ، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانیش دەسکەوتێکی گرنگی دەبێت . ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی لەسەر شانی سەرکردەکانی کوردە ، بتوانن نێو ماڵی کورد یەک ڕیز بکەن .

 بە دیاری کراویش پێویستە جەنابی  بارزانی وەکو هەمووکاتێک چۆن ڕۆڵی سەرەکی لە چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی گەلی کورد هەبووە .  دەبێت بۆ پرسی ئیمڕاڵیش دەستپێشخەر و نوێنەری سەرەکی بێت لەگەڵ تورکیا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و یەکڕیزی کوردان . کورد لە درێژایی مێژووی خۆیدا خاوەنی زۆر سەرکردەو ڕێبەر بووە ، کە هەریەکەیان بە جیا بۆ مافی کورد خەباتی کردووە . لەوانەش ( قازی محمد ، مەلا مستەفای بارزانی و   جەلال تاڵەبانی  و دکتۆر قاسملۆ ) هتد ... ئەگەرچی لە ئێستادا ئەوسەرکردە دیارانەی کورد لە ژیاندا نەماون . ئەوەی لە ئێستادا لە ژیان ماوە دووسەرکردەی هەرە کارێزما و خاوەن دەنگ و خەمخۆری گەلی کورد ، کە  بارزانی و  ئۆجەلانە . بۆیە من لێرەدا وەکو نووسەرێک و  ڕۆشنبیرێکی گەنج  هیوا دەخوازم لە ئایندەدا ئەم دوو سەرکردە خەمخۆرەی کورد دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و کوردستانێکی ئازاد بەڕێوە ببەن. هەروەها ببن بە پێشەنگی یەک ڕیزی نێو ماڵی کوردا . ئیتر نەبین بە پاشکۆ و نۆکەری هیچ وڵاتێک و کەسێک ، بەڵکو خۆمان نوێنەرایەتی گەلی خۆمان بکەین .

 سەرکردەو ڕێبەرەکان ئەوکاتە ناویان لە مێژوو زیندوو دەبێت و لای خەڵکی هەمیشە خۆشەویست دەمێننەوە بۆ نەوە لە پاش نەوە ، ئەویش تەنیا بە خەباتکردن و قوربانی دان  بۆ گەل و ناسنامەی نەتەوەکەیان .

 دڵنیابن ئێمەی کورد خۆمان یەکڕیز و یەک هەڵوێست نەبین ، هیچ کەسی دیکە خەمخۆری مافەکانی ئێمە نابێت . بە دیاری کراویش لەم دۆخەی ئێستادا لەجاران زیاتر یەکڕیزیمان پێویستە،نەک بەرژەوەندی حزبی نە شەڕی تاکەکەسی ، ئەم جۆرە بەرژەوەندیانە

دواجار ماڵ وێرانی و لەناوچوون لەپاش خۆیدا بەجێ دەهێڵێت .

 ئەمڕۆکورد لەهەر چوار پارچەکەوە ، لەبەردەم چواڕیانێکی نادیار و هەستیار دایە بە دەستی وڵاتانی زلهێزی جیهان و وڵاتە هەرێمییەکان .بۆیە پێویستە ئیتر ڕێگا نەدەین بەهیچ دەوڵەتێک چارەنووسی مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانی ئێمە بکەن بە یاری و ئارەزووەکانی خۆیان .  گرنگە خۆمان ڕێکخستن بکەین و ئامادەبین، بۆ هەر ئاڵەنگارییەکی لە ناکاو کە دێتە سەر ڕێگای گەلەکەمان لەداهاتوودا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا