
سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا، تاڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای لەرزۆکی، داڕمانی دامەزراوەیی و لاوازیی بەغدا بونیادنرابوو. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەی ئەگەر بەغدا توانی بەسەر لاوازییەکانیدا زاڵ بێت و دەوڵەت سازبکاتەوە؟
عێراق ئێستا لەبەردەم ئەگەری وەرچەرخانێکی گەورەدایە. هەڵمەتی بنەبڕکردنی گەندەڵی، ئەگەر راست بێت و بەبێ جیاوازی دەستی بگات بە هەموو سەرە گەورەکان و لەلایەن دادگایەکی تایبەت و بێلایەنەوە ئاراستەبکرێت، و شانۆگەرییەکی دیکەی سیاسی نەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان باڵەکان؛ ئەوا هەنگاوێک دەبێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە تاڵانیی و گەندەڵی وێرانی کردبوو، و سەرەتایەکیش دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی جومگەکانی حوکمڕانی و دەوڵەت و کۆتایهێنان بە قۆناغی پشک پشکێنەی حزبی، تایەفی و مەزهەبی.
هەرێمی کوردستانیش، لەبەرامبەر ئەم خۆرێکخستنەوە و دەرکەوتنەوەی بەغدادا، ئێستا لەلاوازترین پێگەی مێژوویی خۆیدایە. هەرێمێک لە جوگرافیایەکی خنکاوی سەختدا، دەناڵێنێ بەدەست دابەشبوونێکی قوڵی ناوخۆییدا و لاوازیی دامەزراوەیی و قەیرانی متمانە، بوون بە مەترسی مان و نەمان بۆسەر قەوارەکەی! ئەو ناعەدالەتییەی لە دابەشکردنی دەرفەت و سامانی هەرێمدا هەیە، تەنها ئابووری وێران نەکردووە، بەڵکو روحی نەتەوە و ئینتیمای تێکشکاندووە! لاوازیی دامەزراوەکان و بێمتمانەیی تاکەکانی، گەورەترین درزە بەغدا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بیەوێت لەتی بکات!
مانەوە لەم ژینگە نوێیەی عێراق و ناوچەکەدا؛ پێویستی بەکۆتایهێنانی دەستبەجێی سیاسەتی تەسکی حزبی، بنەماڵەیی و کاردانەوە و تۆڵەسەندنەوەی شەخسی هەیە، تاکە دەرفەت؛ راگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییە تەواونەکراوەیە ئەگەر دیسانەوە کاتیش بێت، نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ خەڵک و کۆتاییهێنانە بە دووئیدارەیی رانەگەیەنراو. پێویستە هەرێم لە میوانێک زیاتر رۆڵی لە سیاسەتی نوێی عێراقدا هەبێ، و لە داواکردنی بودجە زیاتری بەرکەوێت لە داڕشتنەوەی عێراقی نوێدا. هیوادارم بتوانن ئەمە بکەن؛ ئەگەرچی زۆر رەشبینم!
