جەماڵ کۆشش
ڕۆژی ١٢ ی ئابی ٢٠٢٦؛ چیرۆکنووس و ڕۆمانووسی داهێنەر حسێن عارف ژیانئاوایی کرد. حسێن عارف تایبەتمەندییە ئەدەبییەکانی بەتایبەت لە ژانری گێڕانەوەدا، شوناسی ڕەوتێکی هونەری بەرجەستە دەکرد. بەداخەوە ئەم ڕێبازە پتر لەدەیەیەک بەر لە مەرگی بێ ڕێبوار ببوو. هێندەی من ئاگادار بم(کەس لەپاڵتۆکەی حوسێن نەهاتە دەرەوە !). لەنێو هەژموونگەری کلتووری نەوەدەکان بەدواوە، دابڕانی نووسین لە هێز و هیواکانی شار و زمانە زبرەکانی نووسەران( حیکاتخوانانی تردا)، فورسەتی نەوە خستنەوەی لێسەندرایەوە. ئەمەش ئاکامی ئەو ئاڵۆگۆڕە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییانەن کە لە کوردستاندا پێشهاتن ( حەمە ئەحمەد جاف ، مامۆستا حسێن عارفی بە باوکی ڕۆمانی کوردی لەقەڵەم داوە، بەڵام خوێندنەوەی شێرزاد حەسەن بۆ مامۆستا دەشێ گونجاوتر بێت، (کوڕەکانی حەسارەکەیان بۆی بەجێهێشت).
لەساڵی ١٩٨٧ دا ، نووسینێکم بەسەر دێری ” ئەناتۆمیزمی ڕۆمانی شار لەدیدگای مەنتق و تەئریخ دا” لەسەر ڕۆمانی ” شار” ی حسێن عارف، لە گۆڤاری ” ڕابەر” بە دوو بەش بڵاوکردەوە. () ئەو دەم ئێمە” حەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” بەچڕی سەرقاڵی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و گەشەپێدانی ئەدەب و هونەری ئینسانیی وسۆشیالیستیی بووین. بە زۆری خەریکی خوێندنەوەی (ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی) مارکس و ئەنگلس و لێکۆڵینەوە ئەدەبی وفەلسەفییەکانی جۆرج لۆکاشمان بەتایبەت کتێبی( الروایە کملحمە برجوازیە) و کتێبی(الروایە التاریخیە) دەخوێندەوە.
ڕۆمانی شار” یەکێک لەو ڕۆمانە دەگمەنانەی ئەدەبی کوردییە کە ڕیالیزم بە مەزنی ( دیدی مادییانە) و ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی بەقوڵی پێچنراوە. لەپرۆسەیەکی مێژوویدا پەیدابوویەکی نوێ لە ئینسانی ” تاک و کۆ ” بۆ دەربڕینی چالاکییەکانی شانە سیاسییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شار و ڕەوتە فکرییە پێشکەوتنخوازەکان بەزمانێکی بەرز و پێگەیشتوو دەرببڕێت. ڕۆمانی شار؛ دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ فۆرمی خێزانیی و ئایدیاکان و نەریتە بەسەرچووەکان. لە مەسەلەی جێگا و ڕێگای ژنان و بەتایبەت لە هاوسەرگیرییدا، لە یەکێک لە دایەلۆگەکاندا دەڵێت: “وەک بۆمب تەقییەوە کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ژنی دووەم دەهێنێت”. ڕۆمانی ” شار” زۆر نزیکی هەست و سۆز و خولیاکان و هۆشیاری خەڵکیش بوو. ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەودەمە و بەدڵنییایش تێڕوانینی نووسەرەکەشی بوو.
پرسیارێکی گرنگە، بپرسین بۆ ئەم پاڵتۆیە کەسی لێ نەهاتەدەرەوە؟
زۆر بەکەمی دەتوانین، ڕۆمان لە دەرەوەی گێڕانەوەی مێژوویی پەیدا بکەین، بەشێکی یەکجار زۆری ڕۆمانی کوردی، مێژوو سەرچاوەی گێرانەوەکانیانە، نەک تەنها کارەساتەکان، ئەنفال و خەبات و شکستەکانیان، بەڵکە نەهامەتی و دەردارییەکانی نێوچوارچێوەی دەسەڵاتدارێتی کوردییش، بوونەتە بابەت و فیکشن و خەیاڵی ڕۆمانووسان. هەرچەند بەکەمی دەتوانین لە کەتەگۆری ڕۆمانی مێژووییدا پۆلینیان بکەین. لەبەینبردن و دژایەتی ڕەوتی هونەری ڕیالیستی، بەتایبەت ڕیالیستی کۆمەڵایەتی ڕەخنەگرانە، جێگرتنەوەی بە ڕۆمانی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە و واقعییەتی سیحری کە هەندێک نێویان ناوە واقعییەتی جادوویی و..هتد. ئەمە هۆکارێکی جددییە بۆ ئەوەی ڕەوتی هونەریی گێڕانەوەی حسێن عارف بە خاک بسپێرن و سوود لە نێوبانگی ڕەمزیی بێ میراتی و پۆرترێتەکەی وەک نەخشێک بۆ ڕازاندنەوەی کۆڕ وپێشبڕکێکان وەربگرن. جۆرج لۆکاش، ڕۆمان بە داستانی بۆرژوازی دەزانێت. (هێگل وا تێگەیشتووە کە دابەشبوونی کار لەسیستەمی سەرمایەداریدا، ئەوە بنچینەی پەخشانی ژیانی هاوچەرخە. الروایە کملحمە البرجوازیە لاپەڕە ١١). لەوتارێکیدا بەسەردێری (هەمووشت دەربارەی ڕیالیزم)، وتەیەکی جۆرج دیمترۆڤ لە کۆنگرەی دژە فاشیستیی یەکێتیی نووسەران دەهێنێتەوە: (لەکاتێکدا کە بۆرژوازی شۆڕشگێڕ بوو، ڕۆمانی دۆن کیشۆتی، مێگل دی سێرفانتس کاریگەرترین چەک بوو بەدەستی بۆرژوازییەوە لەجەنگی دژی فیئودالیزم و ئەرستۆکراتییەت. ئەستیتکا، مارکسیزم، ئەنتۆلۆژی بەزمانی ئەڵمانی لاپەڕە ٣٤٩. لۆکاش ڕۆمانەکانی تۆلستۆیی و دەیستۆڤسکیش زۆر بەرز دەنرخینێ: (ئازارەکانی ئینسانییەت بە دڵسۆزترین نەفرەت لەتەواوی سیستەمەکەیە).
ڕۆمان گونجاوترین ژانری ڕیالیستییە لەهونەری گێڕانەوەدا و پەیدابوونی بەتوندی بە بۆرژوازی شۆڕشگێرەوە بەرامبەر بەسیستەمی دەرەبەگایەتی دا دەرکەوت و گەشەی سەند. بەڵام لۆکاش بۆ خاڵێکی یەکجار گرنگی تریش سەرنجمان ڕادەکێشێت، سەبارەت بە ڕۆمانەکانی دواتر،(سڕینەوەی ڕیالیزم لەهونەردا، بە بنبەستی بۆرژوازی لە پێشکەوتن لە بێ پەیامی گەورە و بێ خەون بە ئازادییەوە لێکدەداتەوە ). ڕەنگە هەربۆیەکا بەختیار عەلی، هێندە پەست و نیگەران بێت لە لۆکاش. بەختیار عەلی، وەک ڕۆمانووسێک پەیڕەو لە ڕێبازی واقعییەتی سیحری دەکات لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا و لە وتارە فکری و سیاسییەکانیدا دژ بە مارکسییەتە، و لەسیاسەت و فەرهەنگ وئایدیۆلۆژییدا، لەنێو بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی سەرمایەی خۆرهەڵاتیدا، چینی کرێکار لەنێو ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندا توێنراوەتەوە. پێویستە ئەوەش بنووسم، مەبەستم ئەوە نییە، شێوازی ڕۆمانی واقعیەتی سیحری بەگشتی بە مڵۆزم بکەم، نەخێر، بەهیچ جۆرێک، لێرەدا تەنها لە نێو سیاقێکی مێژوویی و پێداویستی مەنهەج و جێگای لە خەباتی فکری کۆمەڵگەدا هاتووە.
خاڵێکی تر کەڕەنگە جێگای بایەخ بێت بۆ شیکاریی ڕۆمان لەلایەن ڕەخنەگرەکانی ئەمڕۆمانەوە. وەک سابیر ڕەشید و دەریا جەماڵ حەوێزی و سڵێوە و گۆران سەباح ، بزربوونی لێکدانەوەی ” ناڕەتیفی مێژووە” لە ڕۆمانی مێژووییدا.بەرجەستەترین ڕەخنەگر کە بەردێکی هەڵدایە نێو گۆمی مەنگی ڕەخنەی ئاکادیمیانە لەڕۆمانی کوردی، ئەو دیدە ڕووکشەگەرایی و کورتکردنەوە بەرژەوەندخوازییەی ناوی کرێکارە لای گۆران سەباح بەناوی (تێۆری ڕەخنەی مارکسی) لەکتێبی ” چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین لاپەڕە ٥٥”. گۆران سەباح بەچاوی بازاڕی ئازادەوە، هەڵساوە بە داڕشتنی تێۆری ڕەخنەی مارکسیستی، یەکەم ڕستەی ئەم بەشەی بەحساب (لویس تایسۆن(ەوە وەرگرتووە دەنووسێت” بەپێی تیۆرەکە، بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئابووری هەوێنی هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی وسیاسییە…هتد”. کە تەواو ئاوەژووە. لەڕاستییەکەیدا ئازادبوون لە دەسەڵاتی ئابووری سەرمایەداری هەوێنی هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی وسیاسییە.( ئازادی لەوشوێنەوە دەستپێدەکات کە کار لە ناچار بوون و نامۆیی ڕزگار دەبێت. مارکس. گۆڤاری بەرگری لەمارکسیزم ). گۆران سەباح، مارکسییەتێکی ناماتریالیستی و نامێژوویی خوازراو و هەڵبژاردەی بەش بەش پێمان دەناسێنێ و پراکتیک دەکات بەسەر ڕۆمانێکی خۆیدا” مرۆڤی هەرزان”. مارکسییەت میتۆدێکی زانستی ماددییە لەبواری کۆمەڵایەتی و لەبواری سروشتدا هەروەک لە ڕۆمانی (دان چەرموو – جاک لەندەن)دا دەیخوێنینەوە.
ڕۆمانی (شار) ی حسێن عارف بێخەوش و کەمکورتی نییە، زادە و دیلی سەردەم و هۆشیاری نووسەرەکەیەتی. ڕۆمانەکە شاکارێکی هونەری ڕیالیستییە، درێژەی مێژووی هونەری حسێن عارف بە تێپەڕاندن و پتەوکردنی ئەم دونیا بینییە و قووڵکردنەوە و بەرجەستەکردنی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێو مێژوو، بەرهەمدار دەبێت.
()گۆڤاری ڕابەر، ئۆرگانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست یەکەم ژمارەی لە ساڵی ١٩٨٧ بڵاوبووەوە و بەسەریەکەوە یانزە ژمارە و چەند پاشکۆیەکی لێ بڵاوکرایەوە.
جەماڵ کۆشش / ئابی ٢٠٢٦
