هیوا عومەر

پرسی بەهێزکردنی پێگە و پەیوەندیی هێزە چەپەکان بە واقیعی ژیان و هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یان بە دەربڕینێکی تر «بەکۆمەڵایەتیکردنی پڕۆژەی چەپ»، بەر لە هەر شتێک پرسێکی تیۆری و هزرییە. لە نووسینەکانی پێشوومدا، لەو بارەیەوە تێگەیشتنی ڕوونم خستووەتە ڕوو؛ بەڵام کاتێک ئاماژە بەوە دەدەین کە ئەمە پرسێکی «هزرییە»، بەو مانایە نییە کە تەنیا لەناو لاپەڕەی کتێبەکاندا قەتیس مابێت و دەقەکان لە دەرەوەی واقیع بن.

لایەنێکی دیکەی ئەم پرسە، پەیوەستە بە ئاستی سیاسی، کاری ڕێکخراوەیی و میکانیزمی کارکردنەوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی دوولایەنەی هەیە: لە لایەکەوە بۆ تێگەیشتن و فێربوون لە سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیای خەڵک و کێشەکانیان، لە لایەکی تریشەوە کاریگەریی واقیع و جەماوەرە بەسەر هێزە چەپەکانەوە. ئەم پرۆسەیە دۆخی «خۆماڵیکردن» و بەخشینی مانایەکی نوێ بۆ ڕەسەنایەتیی دید و پڕۆژەی چەپ دەخولقێنێت، ئەویش لە ڕێگەی کاری پێکەوەیی و دوورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی قاڵبگرتوو (ڕەچەتەیی) و هەرەمی.

لە ڕووی مێژووییەوە، ڕۆڵی هێزە چەپەکان لە واقیعی ژیانی سیاسی، ئابووری و کولتووریی کوردستان و عێراقدا، بە وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە و کاریگەریی لە زۆر لایەنەوە جێهێشتووە؛ بە جۆرێک شۆڕبووەتەوە بۆ ناو ژیانی جووتیارێکی گوندنشین، تا دەگاتە ناو کۆڕی شاعیران و ڕۆشنبیران و تەنانەت کاریگەریی لەسەر لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەبووە. سەردەمانێک ئەم ڕەوتە لە ئەوپەڕی کاریگەری و هەماهەنگیدا بووە، و سەردەمانێکیش -وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆمان- لە ئەوپەڕی گۆشەگیری و مانەوە لە ئاستی کاری نوخبەویدا بووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین هەوڵ درا بۆ سەرخستنی کاری پێکەوەیی هێزە چەپەکان، لە نموونەی «لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی» و «کۆڕبەندی هێزە چەپەکان»، هەروەها هەوڵدان بۆ چۆنیەتی بەکۆمەڵایەتیکردنی پڕۆژەی هێزە چەپەکان. بەڵام مخابن نەتوانرا لەو بارەیەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت؛ هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ گواستنەوەی هەمان عەقڵیەتی کاری تەسک و حیزبی ئەو هێزانە بۆ ناو کاری پێکەوەیی و جەماوەری.

لەلایەکی دیکەوە، نموونەی تری کاری پێکەوەیی ئەو هێزانە بوونی هەیە لە میانەی کارکردن لەسەر دۆسیەکانی پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک؛ وەک ڕووبەڕووبوونەوەی بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا و نەخۆشخانەکان، یان پرسی دەستوورێکی سێکۆلار. ئەگەرچی توانرا تا ئاستێکی باش لەگەڵ هەزاران هاووڵاتی کاری پێکەوەیی بکرێت، بەڵام پرۆسەکە لە دۆخی کاری وەرزی و پچڕپچڕ تێپەڕی نەکرد.

پێشمەرجی یەکەم بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی پڕۆژەی چەپ -جگە لە گرنگیی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە- بریتییە لە ڕەخساندنی ژینگەیەک کە تێیدا خەڵک خۆی بتوانێت لە میانەی کاری گرووپی و پێکەوەیی، بەشداری لە داڕشتنی ناوەڕۆکی پڕۆژەکەدا بکات. پراکسیس (Praxis)ـی ئەم پڕۆژەیە لە واقیع و میکانیزمەکانی تێکۆشانی ڕۆژانەدا، پێویستی بە دروستکردنی ژینگەیەکی وەها هەیە کە زۆرترین ناوەندی جەماوەری بتوانێت خاوەندارییەتی لێ بکات، نەک گرێدانەوەی بە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی یان بەکەسایەتیکردنی چالاکییەکان.

لێرەدا ئامانج ئەوەیە کار بۆ دروستکردنی فەزایەکی کراوەتر و ئازادانەتر بکرێت، بە مەبەستی هێنانەدیی بەشدارییەکی سیاسیی ماناداری خەڵک لە بیرۆکەکان و چۆنیەتیی کارکردن لە مەیدانی واقیعدا. کاری پێکەوەیی، هەرەوەزی و گرووپی، گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتیترینی کاری هێزە چەپەکان لەناو خەڵکدا. ڕیشەی ئەمەش پێش ئەوەی لەناو دەقی کتێبەکاندا بێت، لەناو ژیانی گوند و کولتووری کوردستانیدایە؛ لەناو پێداویستیی ڕۆژگار، کۆڵانەکان و شوێنە پەراوێزخراوەکاندایە.

دەرەنجام، کاری پێکەوەیی جارێکی تر توانای داڕشتنەوەی دەقە پیرۆزکراوەکانمان پێ دەبەخشێت، بەڵام ئەمجارە بە چاوێکی واقیعی و ڕەخنەگرانە، لە دەرەوەی دید و میکانیزمی وشکهەڵاتوو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا