
هاواواتاكردن لەزمانی كوردیدا لە گەڵ زمانێكی دیكە، بەگشتی گرفتێكی ئەوتۆی نییە و دەتوانرێت هاوواتای بەشێكی زۆری وشە بیانییەكان بە كوردی بكرێت و ئەگەریش وشەیەك هاوواتای نەبوو، ئەوا نزیكترین وشە لە ڕووی ماناو گەیاندنەوە دەكرێتە هاوواتاكەی. لەو سۆنگەیەوە لە بەرانبەر وشەی (ئۆڤەر پاس) ئینگلیزی، كاك تاریق كارێزی وشەی (بەرزە پرد ) ی داناوە و ئەم وشەیە بەكار دێت و لە بەرانبەر ئەندەر پاسیش (نزمە ڕێ) بەڵام لە نووسینێكی دا، كاك تەیب جەبار، ئەم وشانەی كاك تاریق بە هەڵە دەزانێت و پێشنیار دەكات (بانڕەت) و (ژێرڕەت) بەكار بهێنرێن. بێگومان وشەی (بەرزە پرد) وشەیەكی لێكدراوە لە هاوەڵكارێكی شوێن و ناوێكی سادە پێكاهاتووە، هاوكات وشەی (بانڕەت)یش بە هەمان شێوە لە هاوەڵكار و ڕەگی كاری (ڕەتبوون) پێكهاتووە. گەر لە ڕووی ماناییەوە بڕوانینە هەردوو وشەكە، ئەوا بەرزە پرد لە ڕووی زمانەوانی و هاواتایی و دەربڕینەوە، ڕاستترە و هیچ خەوشێكی زمانەوانی نییە، چونكە بەرز، هێمایە بۆ بەرزی پردەكە و پردیش ناوی پردەكەیە و ئەم جۆرە پردانەش كە بەرزن، تەنها بەمەبەستی هامۆشی گشتی بەكار دەهێنرێن، نەك تایبەتی و كەسی ! لە بەرانبەر ئەمەدا (بانڕەت) وشەیەكە ناتەواوە، چونكە بان مانایەكی گشتی هەیە و هەر شوێنێك بەرزبێت ڕەنگە بانی بۆ بەكار بێت وەك ئەوەی بان شاخەكە، بان ژوورەكە، سەربان و بنبان و گەلێك وشەی دیكەش، كە ئەمەش هاوواتای بەرزە پرد نییە. لەلایەكی دیكەوە (رەِت) بە تەنها مانای نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە كاری ڕەتبوونە كە بە مانای ڕۆیشتن دێت و ئەم مانایەش لە بانڕەت بەرجەستە نابێت ! بێگومان نزمەڕێش هیچ گرفتێكی نییە و بەرزە پرد و نزمە ڕێ دوو لە جوانترین هاوواتاكردنی وشەی بیانین بۆزمانی كوردی و بەكارهێنانیان زۆر گونجاوە و لە جێی خۆیەتی. دەبێ ئێمە ئەوە بزانین كە ناونیشانە گشتییەكان، پەیوەندییان بە كۆی كۆمەڵگەوە هەیە، نەك توێژ و پیشەیەكی دیاریكراو لەو ڕوانگەیەوە كاتێ منداڵێك یان كەسێك كەمێك خوێندەواری هەیە، كاتێ وشەی بەرزە پرد دەخوێنێتەوە، یەكڕاست دەزانێ مانای چییە، بەڵام نازانێ بانڕەت چییە، چونكە خۆی ئەم وشەیە، لە ڕووی واتایی و كردارییەوە ناتەواوە.
• لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە(1424) لە 25/6/2026 بڵاوكراوەتەوە.
