دوای کەمتر لە دووسەعاتی تر دەچینە ناوساڵێکی نوێ و ساڵی ٢٠٢٤ جێ دێڵین .ساڵی دووهەزارو بیست و چوار وەک ساڵانی پێشووتر ساڵێکی قەیراناوی بوو بۆ خەڵکی هەژاری کوردستان وموچەخۆران ساتەوەختێک بوو ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیان سەخت و دژوار بوو ،ساڵی به ردەوامی ئالانگاری جۆراو جۆر بوو کە ساڵانێکی زۆرە ڕەگی داکوتاوەو دەسەڵاتی سوڵتانی وبنەماڵەیی توانای چارەسەرکردنیانی نیە ،خەراپی کارەبا وئاو نەوت و غازو تەندروستی وپەروەوەردەو ئابوری و تادوایی ،قەیرانی حوکمڕانی و دووزونی و تێکەڵبونی سی ساڵەی دەسەڵاتی حیزب و حوکمەت و بەبارمتەگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و قۆرکردنی کایەکانی ئابوری و وەبەرهێنان و بەرتەسک کردنەوەی بەردەوامی ئازادیە دیمکراسیەکان و پەکخستنی ڕوڵی داواکاری گشتی و لێسەندنەوەی سەربەخۆیی دادگاکان و دەمکوتکردنی ڕۆژنامە وان و میدیاکاران و بێباکی و تێکدانی ژینگەو دەسبەسەراگرتنی زەوی زاری میلەت و پێدانی بەکەسی سەربەدەسەڵات .بەکورتی و بەکوردی دەسەڵاتی سوڵتانی وستەمکاری پارتی ویەکێتی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵاتی وسروشتیان شێواندوەو ،هیچ بەرنامەو پلانێک لەئاسۆدا دیارنیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە کوشندەو مەترسیدارانە . ئەوەش زۆر مەرسیدارە چونکە ئەوقەیرانانە کە وەک نوسنەکوو شێرپەنجە هاوشانی درێژایی تەمەنی حوکمڕانی زیاتر لەسی ساڵەی ئەم دەسەڵاتە یە ،هەرکاتێکیش پڕوپاگەندەی چارەسەرکردنیان کردبیت ئەوەندی تر ژیان وگوزەرانی خەڵکیان سەخترکردوە، بۆ نمونە هەنگاوی بەناو ئابوری سەربەخۆو بەتایبەتکردنی کەرتەکانی خزمەتگوزاری و زیادکردنی لەڕادەبەدەری باجوو ڕسومات ، بۆیە پارتی ویەکێتی ئێستا قەیران بەقەیران دەسپێرن و بونەتە کارتێل وکۆمپانیای زەبەلاحی ئابوری و دەستیان تێکەڵکردوە لەگەڵ سەرمایەداری بیانی و ئیقلیمی و هەموو سرنجیان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانە کەدابەشبۆتە سەر وەڵاتانی ئقلیمی بەپلەی یەک ،ئەم دابەشبونەش کاریگەری لەسەرهەڵوێستی ئەم هێزانەکردوەو ناتوانانن لەسەر بنەمایی بەرژەوەندی نیشتیمانی هاوهەڵوێست بن و بەوتارێکی یەک گرتوو داکۆکی لە مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بکەن و لەسەردۆزی ڕەوای کورد لە پارچەکانی تری کوردستانیش هاوهەڵوێست بن .هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد دۆخی ڕۆژئاوا لە هەلوو مەرجێکی زۆر هەستیاردایەو هەرگۆڕانکاریەکی ئەرێنی نەرێنی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر باشور دەبێت و بە دوریش نازانرێت عیراقیش بگرێتەوە . بەردەوامی ئەم قەیرانانەو دەسەوەستانی دەسەڵات لەچارەسەرکردنیان ،ئەوە دەسەلمێنێ کە ئالانگاری هەرێم بەرئەنجامی سیاسەتی چەوت وڕیشەییە و بۆچارەسەرکردنیان پێویستە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازی حوکمڕانی هەرێم بکرێت و کۆتایی بەدەسەڵاتی حیزب بەسەر حکومەتدا بهێندرێت و سەربەخۆیی دەزگاو دامەزراوەکان بپارێزرێت و باری قورسی ژیانی هاوڵاتیان سوک بکرێت و چیتر حیزب و کەسانی سەر بەبنەماڵە سوڵتانیەکان نەبنە ملیار دێر لەسەرحیسابی هاوڵاتیانی هەرێم ،واتە کۆتایی بە گەندەڵی وخەراپ سود وەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ئیداری بنەماڵەیی بهێنرێت و لە کابینەی نوێی حکومەت هەنگاوی ڕاستەقینە بنێن بۆ ئەو ئامانجانە و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ،بەپێچەوانەوە بێدودڵی چارەنوسی دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر جیاواز نابێت لە ڕژێمە دیکاتۆریەکانی ناوچەکە کەدواییان ڕژێمی ئەسەد بوو ، کە هیچ نیشتیمان پەروەرێکی کورد خوازیاری دۆخێکی وانیە ، بۆیە پێویستە هەموو ئەو هێزانەی بەرپرسیارانە ماماڵە لەگەڵ دۆخێ هەرێمی کوردستاندا دەکەن ، هەماهەنگی بکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکان و نزیکردنەوەی بیرو بۆچون و هەڵویستەکان لەسەر بنەمایی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرزبونەوە بۆ ئاستی قۆناغی مێژویی ئێستاو ئەگەرە جۆراو جۆرە چاوەڕوان کراوەکان . کارێکی وا دەکرێت ببێتە دەرەچەیەک ڕێگایەک بۆ دەربازبون لە قەیرانەکان و چونە ناوساڵی ٢٠٢٥وە بە ئومیدوو خەونی نوێی وا بتوانین ڕوبەڕوی تەحدیاتەکانی ساڵی نۆێ ببینەوەو تەنها پێشوازی کردن نەبێت لە ساڵوو زەمەن و بەڵکوو ڕوکردنە ئاسۆکانی پێشکەوتن و پلان دانان بێت بۆ ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیان وئاسودەکردنیان بەئاوڕدانەوەی جدی لە خواست و مافەکانیان و پیادەکردنی حوکمڕانی باش و بەرپرس لەژیانی هاوڵاتیان بەگشتی و دانانی پلانی کردەیی بۆ سودوەرگرتن لەگەنجان و دابینکردنی کار بۆیان بەتایبەتی و ئاڵوگۆڕکردنی هەرێم لە دۆخی ئابوریەکی پەیوەستەوە بۆ هەرێمێکی ئابوری خۆژێن و بەرهەمهێن . بەم شێوەیە دەتوانین سود لەکات و زەمەن وەرگرین و بەبەرژەوەندی گۆڕانی ئیجابی وەریچەرخێنین و گۆڕانکاریەکی چلۆنایەتی بهێنینە ئاراوە . هیوادارم لەم کاتەی ئەم دێرانە دەنوسم کە پێنج دەقیقەماوە بۆ چونە ناوساڵی ٢٠٢٥ ساڵی نۆێ و ئاسۆی نوێی ئەرێنی بکاتەوە بۆ باشتربونی ژیانی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەمان لەسەربەخۆیی گەیشتن بە تەواوی مافە نیشتیمانی نەتەوایەتیەکانمان .