بە ڕوونی

كاوە مەحموود

بۆ یادی 207 ساڵەی لە دایكبوونی ماركس

گەڕانەوە بۆ ماركس

ماركسیزم شێوازێكی زانستی پێشبینی كۆمەڵایەتییە لە بواری پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی‌ و فەلسەفەی مێژوودا. كاتێك باس لە گەڕانەوە بۆ ماركس دەكەین، مەبەست ئەوە نییە لە ماوەی ڕابووردوودا بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت ‌و داڕمانی نموونەی سۆڤیەتی لە بنیاتنانی سۆشیالیستیدا، قەناعەت بە هزری ماركسیزم لای ئێمە پشتگوێخراوە ‌و ئەم هزرە لە قوژبنێك دانراوە ‌و تۆزی لەسەر نیشتووە. بەهەمان شێوە باسكردنی ماركسیزم بابەتێكە، ناچێتە خانەی تیۆر ‌و هزرێك لە سەدەی نۆزدەهەمدا لەدایكبووە ‌و ئێستا ئێكسپایر بووە. لە هەمان كاتدا باسكردنی ماركسیزم بەنیسبەت ئێمەوە بەشێك لە نۆستالژیا‌ و دۆگماتیزم ‌و خولیای مانەوە لە ڕابوودوودا نییە.

گەڕانەوە بۆ ماركسیزم بەشێكە لە پێشبینی ‌و كاری بەردەوام بۆ دواڕۆژ ‌و تێكۆشان بۆ ئایندەی مرۆڤایەتییەكی ئازاد‌ و مرۆڤی داهێنەر‌ و كۆتاییهاتن بەهەموو شێوازەكانی چەوساندنەوە‌ و نامۆبوون.

لەم ڕوانگەیەوە ئەو بابەتە سەرەكییانەی ماركس ‌و ئینگلس ‌و دواتر لینین ئاماژەیان پێكردووە لەوانە "سەرمایە" و مانفێست ‌و زێدەبایی ‌و نامۆبوون ‌و چەندینی دیكە، هێز‌ و ڕاستی زانستی خۆی لەدەستنەداوە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەندین بابەتی دیكە هەیە پێویستییان بە توێژینەوەی قووڵ ‌و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن ‌و پێداچوونەوە هەیە، بەمیتۆدێك كە بگونجێ لەگەڵ سەرجەم پەرەسەندنەكانی جیهانی هاوچەرخ، كە وا چارەكە یەكەمی سەدەمی بیستویەكەم تەواودەكەین.

لە پرۆسەی ئەم پێداچوونەوەیدا ماركسیزم بەهای زانستی خۆی لەدەستنەداوە ‌و خودی میتۆدی ماركسیزم ‌و بنەما ‌و یاساكانی دیالكتیك بنەمای پێداچوونەوەی ڕەخساندووە بۆ سەرجەم ئەو چەمكانەی ماركس ‌و ئینگلس ‌و لینین ‌و سەرجەم بیرمەندە ماركسیستەكان، كە پێشتر توێژینەوەیان بۆ كردوون ‌و بەم جۆرە ئەم میتۆدە ڕێبازی خوێندنەوەی بەردەوامی ڕەخنەگرانەی كۆمەڵگەی خستۆتەڕوو، بەجۆرێك دوگما وەلابنرێت ‌و خوێندنەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی بەهەموو ڕەهەندە ناكۆكەكانییەوە بنەمای تیۆریزەكردن ‌و كاری شۆڕشگێری لە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیدا بێت.

بەرهەمەكانی ماركس ‌و ئینگلس زێدەی كارتێكردنی پەرەسەندنی بزووتنەوەی كرێكاری ‌و تەواوی كۆمەڵگەیە لە سەردەمی ڕێنیسانس‌ و شۆڕشی پیشەسازی ‌و ناكۆكی‌ و ململانێیەكانی سەدەی نۆزدەهەم ‌و بەم پێیەش پێشبینییەكانیان سەبارەت بە دوارۆژ ‌و ئایندەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی‌ و چەمكە هەزرییەكان، لە واقیع‌ و هۆشمەندی ئەو سەردەمە جیاناكرێتەوە‌ و هەر ئەمەشە ماركسیزمی لە جوغزی یۆتۆپیایی دەركردوە‌ و لە بازنەی ماتریالزمی مێژوویی هێشتۆتەوە.

خوێندنەوەی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان‌ و ڕووداوە مێژووییەكان لە سەدەی نۆزدەهەمە و بە سەدەی بیست ‌و سەرەتاكانی بیستویەكەمەوە، ئەو ڕاستییە دەردەخات، كە ئەنجامدانی چەمكی گۆڕانكاری ‌و پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی وەك پرۆسەیەكی زیندووی ژیانی ‌و خاوەن شوناسی بەردەوامی بەمەبەستی كۆتاییهاتن بە چەوساندنەوەی مرۆڤ‌ و دابینكردنی كۆمەڵگەی یەكسانی ‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بەماوەیەكی مێژوویی دیاریكراو، ساڵژماردن دەستنیشان ‌و سنووردار ناكرێت، بەڵكو قووڵایی ‌و ناوەرۆكی چەمكی گۆڕانكاری ‌و پەرەسەندن، ئێجگار درێژ ‌و ئاڵۆزە ‌و قووڵترە، كە بە عەقلیەتی چەند ساڵ‌ و دەیەیەك تەماشابكرێت، یان لە چوارچێوەی جووڵەی میكانیكییەوە‌ و بەسادەیی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

بۆیە كاتێك باس لە گەڕانەوە بۆ ماركسیزم دەكەین، بەهیچ شێوەیەك ناتوانین بۆ ڕەوش ‌و هۆشمەندی سەدەی نۆزدەهەم بگەڕێنەوە‌ و بیر لە بەرهەمهێنانەوەی كۆمەڵێك دەق ‌و دەستەواژەی هزری بكەینەوە، بەو مەبەستەی بمانەوێ بێ چەندوچون، واقیعی گۆڕاو لەگەڵ دەقی هزری پێشوەخت بگونجێنین. ئەم ئاراستەیە بەپێچەوانەی میتۆدی ماركسە، كە جەخت لەسەر پەرەسەندنی بابەتی هزری‌ و زیندوویی تیۆر بەپشتبەستن بە خوێندنەوەی نوێی واقعی گۆڕاو دەكاتەوە. ئەم ئاراستەیە لە دیالكیتیكدا تا ئێستا هێزی شوناسی زانستی تیۆری بە گشت تیۆریستە ماركسیستەكانی دوای ماركس بەخشیەوە‌ و قوتابخانەی نوێ ‌و گەشەسەندووی ماركسیستی لە بواری فەلسەفە ‌و سۆسیۆلۆجیا‌ و ئابووری سیاسی ‌و هونەر... هتد بەرهەمهێناوە.

ماركسیزم، ئاراستەی پەرەسەندنی مێژوو بەپشتبەستن بەئیرادەی خەڵك لە چوارچێوەی شێواز ‌و پەیوەندییەكی دیاریكراوی بەرهەمهێنان بە ئاسۆی ئایندەی شارستانیی مرۆیی، لە یۆتۆپیاوە بۆ زانست گواستەوە‌ و بۆ ئەوەی ئەم تیۆرەش زیندوویی خۆی لەدەستنەدات ‌و هەردەم لە پەرەسەندابێت، نوێبوونەوە ‌و داهێنانی تیۆری لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكان لەم هەلومەرجەدا ئەركی سەركردە شۆڕشگێرەكانی حزبە چەپ‌ و كۆمۆنیستەكانە.

لە بەرهەمەكانی ماركس ‌و ئینگلس ‌و توێژینەوەكانیان سەبارەت بە ئایندە‌ و ئاراستەكانی پەرەسەندن‌ و پێشبینییەكانیان سەبارەت بەم بابەتە، جەختیان لەسەر هێڵ ‌و چوارچێوەی گشتی ئایندە ‌و دواڕۆژیان كردوە و نەچوونەتە نێو زێدڕۆیی ‌و وردەكاری سەبارەت بە بابەتە تیۆرییەكان، چونكە هەر هاوكێشەیەك بێ بوونی توخمەكانی دۆزینەوەی چارەسەر ‌و داتای پێویست یەكلاناكرێتەوە‌ و بۆیە لینین ئاماژەی بەوە كردووە، كە ماركس كاری بۆ دروستكردنی یۆتۆپیا نەكردووە‌ و نەهاتەوە پێشبینی بێبنەما سەبارەت بە بابەتێكی نادیار ‌و نەزانراو بكات.

ئینگلس لە كتێبی (تێبینی سەبارەت بە ڕەخنەگرتن لە ئابووری سیاسی) كە لە 1843 نوسیوێتی‌ و یەكەمین توێژینەوەی ئابووریی ئینگلسە، كە تیایدا لێكدانەوەیە بۆ ئابووری سەرمایەداری ‌و رەخنەیەكی زانستییە بۆ ئابووری سیاسیی بۆرژوازی، ئاماژە بۆ بابەتی پەرەسەندنی بێسنوور ‌و بێ كۆتاییهاتنی هێزی بەرهەمهێنان ‌و زانست‌ و توانای هێزی بەرهەمهێنان مرۆڤایەتی دەكات‌ و پێیوایە ئەگەر ئەو هێزە ‌و پەرەسەندنی زانست بەهۆشمەندی ‌و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی بەكاربێت، ئەوا قورسایی كاركردن لەسەر شانی سەرجەم مرۆڤایەتی كەمدەبێتەوە.

لەم بنەما گشتییەوە سەبارەت بە هەڵوێستی ماركسیزم سەبارەت بە دۆخی پەرەسەندنی هێزی بەرهەمهێنان ‌و زانست، پەرەسەندنەكانی ئەمڕۆی بواری زیرەكی دەستكرد دەخوێنرێتەوە ‌و ئەم بابەتەش، كە لە چارەكە یەكەمی ئەم سەدەیەدا بوارەكانی ئامرازی بەرهەمهێنانی گرتۆتەوە كارتێكردنی لەسەر گۆڕینی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان بەجێدەهێڵێت، بەڵام بێكومان لە جیهانێك، كە جیاوازی چینایەتی شوناسە سەرەكییەكەی پێكدەهێنێت ‌و سەرجەم دەستكەوت ‌و پەرەسەندنەكان لە بواری زانست ‌و زیرەكی دەستكرد، كە بەرهەمی مرۆڤایەتییە، بۆ بەرژەوەندی هێزی خاوەندارێتی تایبەت، كە بریتین لە سەرمایەدار‌ و كۆمپانیاكان ‌و سەرمایەداری دارایی‌ و هەڵگرانی پەیامی بازاڕی ئازادی ئاراستەكراوی دەستی سەرمایەداری دارایی، بەكاردێت.

ئەم سیاسەتەی سەرمایەداری نەك لە ئاستی نێودەوڵەتی، تەنیا دەوڵەتی دەوڵەمەند‌ و دەوڵەتی هەژاری دروستكردووە، بەڵكو لەنێو دەوڵەتی دەوڵەمەند خەڵكی هەژار و بێدەرامەتی دروستكردووە، جگە لە بوونی هەژاری ‌و بێكاری‌ و خراپی دۆخی بژێوی زۆربەی مرۆڤایەتی‌ و كەڵەكەی داهات ‌و سامان لای كەمینە.

دیدی ماركسیزم بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی ‌و ئازادی مرۆڤ بەندە بە پێداویستییەكانی وەدیهێنانی هەلومەرجی ڕاستەقینەی ئازادی مرۆڤ، كە خۆی لە گونجاندن‌ و تەرخانكردن ‌و ئاراستەكردنی دەستكەوتەكانی بواری زانست‌ و ئامرازی نوێ‌ و پەرەسەندووی بەرهەمهێنان دەبینێتەوە بۆ ئەنجامدانی پێداویستییە سەرەكییەكانی مرۆڤ، لە بواری خۆراك‌ و پۆشاك ‌و تەندروستی ‌و خوێندن‌ و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون‌ و پێداویستییەكانی دیكەی ژیانێكی پڕ كەرامەت.

دابینكردنی ئەم مافە ڕەوایانە وەك ئامانجێكی ئایندەی سەرجەم مرۆڤایەتی پێویستی بەوە هەیە، كە خاوەندارێتی ئامرازە سەرەكییەكانی بەرهەمهێنان بۆ كۆمەڵگە نەك سەرمایەداران بگەڕێتەوە.

زیندوویی ماركسیزم بۆ كۆمەڵێك بابەتی میتۆدی دەگەڕێتەوە، لەوانە كاركردنی ماركس بۆ ئەوەی بۆچوونەكانی نەچێتە قاڵبی شوناسی دەقی پیرۆز ‌و هاوكات شوناسی ڕەخنەیی شۆڕشگێڕانە‌ و وابەستەبوونی ماركسیزم بە بزاڤی كۆمەڵایەتی كە زەمینەی داهێنانی هزری بەردەوام‌ و دروستبوونی قوتابخانەی نوێ لە ماركسیزمدا واڵاكردووە.

لە پێنجی ئایاری ئەمساڵدا 207 ساڵ بەسەر لە دایكبوونی ماركس تێپەردەبێت ‌و لە جیهانی ئەمڕۆشدا تا ئێستا ماركس نە لە مۆزەخانە بەندكراوە‌ و نە لە قوژبنێكی لاتەرێك دانراوە، كە تۆزی لەسەر نیشتبێت. هزری ماركس لەنێو كۆمەڵگەدایە ‌و چەكی دەستی شۆڕگێڕانە دژ بە چەوسێنەران‌ و ڕێپیشاندەری مرۆڤە لە پێناوی ئازادی‌ و ئاڵای دەستی گەلانە لە پێناوی رزگاریدا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە