لە زۆر لە دەوڵەتە فیدراڵیەكاندا دەستەیەكی یەكلاكەرەوە هەیە و چاودێرە بەسەر پاراستنی دەستور و یاساكان و پرسی دابەشكردن و دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی نێوان هەرێمەكان و دەوڵەتی ناوەند ، چونكە لەم جۆرە دەوڵەتەدا  بوونی ئەم دەستەیە پێویستیەكی جەوهەریە و پەیوەستە بە بنەما سەركیەكانی پاراستنی ئەو دەوڵەتە هاوبەشەوە و ئامرازێكی بنەڕەتیە بۆ زامنكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێگرە لە دروستبوونی هەر ناكۆكی و كێشمەكێشێكی وا كە لایەك سەروەری لاكەی تر پێشێلكات و ببێتە مەترسی بۆ سەر ماف و بەرژەوەندیەكانی ئەوی تر ، ئەو دەستەیەش لە زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵیەكاندا بە دادگای باڵای فیدراڵی ناوزەد دەكرێت و بەگوێرەی دەستور و یاسا مامەڵە لە گەڵ پرسە هەڵواسرا و ناكۆكەكاندا دەكات و هیچ دادگایەكیش مافی تێهەڵچوونەوەی بڕیارەكانی ئەو دادگا باڵایەی نیە كە بە دەستور دەسەڵاتەكانی ڕێكخراوە

دیارە گۆڕانكاریەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی بەعس و دەستبردن بۆ دیموكراسیەت و كرانەوە و خولقاندنی كەشێكی سیاسی جیاواز لە سێستەمی سیاسی عێراق و نوسینەوەی دەستورێكی نوێ و بونیادنانی دەوڵەتێكی فیدراڵ ، وایخواست بیر لە دادگای باڵای فیدراڵی بكرێتەوە لە پێناو زامنكردنی قەوارە فیدراڵیەكە و ڕێگربێ لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو مەترسیدار ، ئەم دادگایە لای خۆیەوە چاودێری دۆخی یاسای و سیاسی و ناكۆكی و پێشێلی بڕیار و ڕاسپاردەكانی دەوڵەتی ناوەند و هەرێمەكان دەكات و ئەركی گەرنتی و پاراستنی دەستور و سەروەری یاسا و قەوارەی نیشتمانیە و نابێ سازشیان لە سەر بكات و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بێلایەنانە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و نەكەوێتە ژێركاریگەری هیچ فاكتەرێكی ناوخۆی و دەرەكیەوە ، بەڵام ئەمە لە كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیشدا وەك چۆن دیاردەیەكی نوێیە لە پرۆسەی دەوڵەتداری  و قەوارەی گشتی دا ئاواش بابەتێكە هەر لە سەرەتاوە لە ژێركاریگەری و هەژموونی  حزب و پێکهاتەی تائیفی و دەستی دەرەكی دایە و دەستەكە بە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسیەكان و بەپێی پشك دامەزراوە ، ئەم پشك پشكێنەش وایكردوە ئاسەوار و لێكەوتەكانی بڕیاری ئەم دادگایە بە نیشانەی پرسیارەوە هەڵسەنگێنرێت ، بەتایبەت ئەو بڕیارانەی كە پەیوەستن بە یەكلایكردنەوەی ململانێ سیاسیەكانەوە و تادێت كاریگەریەكانی لە دۆخی سیاسیدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە و بەبڕوای چاودێرانی سیاسی هێشتا نەیتوانیوە سەربەخۆیانە بڕیارە گرنگەكان بگەیەنێت ، و هەندێ جار لایەنگری و تەرەف داری پێوە دیارە ، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو محاسەسە حزبیەی كە لە دادگای باڵای فیدراڵی دا جێكرایەوە ، دیارەجێکردنەوەی محاسەسە و بەشبەشێنەی دەسەڵات و بڕیاردان لەسەر هەرپرسێکیش لەوەها دۆخێکدا کاریگەری و لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و بەو مانایە نایەت کە هەمووی لێکدانی هیچ بکرێ بەتایبەت لە دواین دانشتنەکانیدا لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، کە هەریەک لەو پرسانەش  كە بڕیاریان لە سەر درا  ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی و فەلسەفەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی و شکستی دەسەڵات و ئیدارەدانی ئەوانەوە هەیە و ناکرێ دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر تۆمەتبار بکرێ ، چونكە دۆخی کوردستان بەدەستی ئەحزابی حوکمڕانەوە خۆی بەرەو دیاردەی مەترسیدارتر و لێكھەڵوەشانەوەی زیاتر دەروات تا ئەو ئەندازەیەی دابڕانێكی قوڵ لەنێوان ھاوڵاتی و دەسەڵاتدا دروست بووە ووایکردوە  ناكۆكیی و ناڕەزایی گەورەی نێوان خەڵك و دەسەڵاتی كوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە و تابڕوات خەڵك لە دەسەڵات دوور دەكەوێتەوە و هیچ ئینتمایەکی بۆ نیشتمان و دەسەڵاتەکەی نەماوە

شكستی پڕۆژەی سیاسی و ئیدارەدانی هەرێم لەم قۆناغەدا لە لوتکەدایە و خەڵك بە خۆشحاڵیەوە چاوەڕوانی زەبری زۆر کوشندەتر و مەترسیدارتریش دەکات لە بەرانبەر ئەحزابی حوکمڕان و دەیەوێ  بەتوندی بەر ئەو واقیعە زبرە بکەون و تەفروتونابن ، چونکە لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا نەیانتوانی  گۆڕانكاریەكی ڕیشەیی لە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵكدا بكەن و پێچەوانە باشوری کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا بەشکرد و پاوەنکرایە سەر دوو زۆنی

سەوز و زەرد ، لەم دوو زۆنەشدا بەرپرسە باڵاكان هایلایڤ دەژین، هەریەكەی خاوەنی چەندین ڤێلا و كێڵگەی زەبەلاح، هۆتێل، كارگە و نەخۆشخانە و پرۆژەی گەورەگەورە و چیو چین. گەندەڵی و جوداكاری و قۆرغكردن قورگی كۆمەڵگای گرتووە. كۆمەڵگا و مرۆڤەكانی غەرقی ناعەدالەتی و بێدادی کراوە و کەسیش ناپرسێ بۆ

ئەوەشی ئێستا دەیکەن لە ئاست ئەو دادگایە درۆیەکی گەورەی دەسەڵاتە ودیسان شەڕكردنە لە سەر پاوانكردنی داهات و وەرگرتنی ئیمتیازات و  موچە و ژیانی خەڵكی كرێكار و كارمەندو خانەنشین و كەم دەرامەت هەمووی پاشكۆی شەڕی ئەو هێزە سیاسیە بەشدار بووانەیە کە دەیانەوێ گەورەترین بەش لە سامان و داهاتی عێڕاق و کوردستانیان چنگ کەوێ و بەهیچ جۆرێک داکۆکی نیە لە خەڵک و مافەکانی

بەكورتی لە سایەی دەسەڵاتی ئەحزابی حوکمڕاندا، كورد وەكو نەتەوە ئیفلیج و پەرت پەرتکراوە، كەسایەتی كورد كەسایەتیەكی تێكشكاو داڕۆخاوە، كۆنەپەرستی قوڕگی كۆمەڵگای گرتووە و پرەنسپە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان تێكشكاون و  دەسەلاتی بنەماڵەیی و بازرگانی ئەم حزبانە هەموو شتێکیان ناشرین و نابوت کردوە و نیشتیمان لەژێر ناوی جۆراوجۆردا هەراج دەكرێت، بەسیج و میت تەڕاتێنیانە و بونەتە دەمڕاستی کورد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا