ستار ئەحمەد

 

​مێژووی گەلی کورد پڕە لە چیرۆکی قوربانیدان و ململانێ، بەڵام هاوشانی ئەو قارەمانێتییانە، برینێکی قووڵ و کۆن هەموو کات جەستەی ئەم نەتەوەیەی لاواز کردووە، ئەویش بوونی ئەو کلکە گەنیوانەیە کە لە ناوەوە بۆ بەرژەوەندیی بێگانە کار دەکەن. کاتێک باس لەوە دەکەین بۆچی کورد زۆرجار وەک دوژمنی خۆی دەردەکەوێت، دەبێت ڕاستەوخۆ پەنجە بخەینە سەر ئەو توێژەی کە ئایین و سیاسەتیان کردووەتە بازرگانی و بوونەتە پردی پەڕینەوەی داگیرکەران بۆ ناو قووڵایی ماڵەکانمان. ئەم کلکە گەنیوانە، چ لە بەرگی پیاوی ئایینیدا بن کە بە ناوی پیرۆزییەوە ژەهری پاشکۆیی و بێدەنگی لە ئاست زوڵمدا بڵاو دەکەنەوە، یان لە بەرگی بەرپرسی سیاسیدا بن کە خاکی نیشتمانیان تەسلیمی ئەم و ئەو کردووە، هەردووکیان یەک ئەرک جێبەجێ دەکەن کە ئەویش کوشتنی ئیرادەی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندیی داگیرکەرە. هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ئەم دۆخە نەگریسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داگیرکەران زۆر بە باشی تێگەیشتوون ناتوانن نەتەوەیەک بە تەنها بە هێزی چەک بشکێنن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی کلکی ناوخۆیی بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و فکری.

​ئەم کلکانە ئەرکیان ئەوەیە مێشکی تاکی کورد بە جۆرێک دابڕێژن کە وای ببێنێت نەتەوە و خاک و زمان شتگەلێکی لاوەکین و تەنها پاشکۆبوون بۆ هێزە ناوچەییەکان ڕێگەی مانەوەیە. ئەوەی زۆرترین ئازار بە ویژدانی گشتی دەگەیەنێت، ئەو پیاوە ئایینییانەن کە لە جیاتی ئەوەی پێشەنگ بن بۆ ڕزگاری و دادپەروەری، بوونەتە زمانحاڵی دوژمن و بە ناوی ئایینەوە کۆیلایەتی وەک فەزیلەت دەفرۆشنەوە بە خەڵک. ئەوانە وایان لێهاتووە بەرهەڵستیکردنی زوڵم بە فیتنە بزانن، بەڵام سەردانەواندن بۆ داگیرکەر بە تەقوا، ئەمەش گەورەترین شێواندنی بەها مرۆیی و ئاسمانییەکانە. بڕینی ئەم کلکە گەنیوانە بە تەنها بە چەک و توندوتیژی نابێت، بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی فکری و هۆشیارییەکی قووڵ هەیە کە تێیدا تاکی کورد تێبگات هیچ پیرۆزییەک لە سەرووی شکۆی مرۆڤ و ئازادیی خاکەکەیەوە نییە. کاتێک دەسەڵاتێکی کوردی بۆ بەرژەوەندیی حیزبی دەچێتە باوەشی وڵاتانی داگیرکەر، و کاتێک مەلایەک لەسەر مینبەرەوە بەرگری لەو خیانەتە دەکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە جەستەی نیشتمان تووشی گەنیوی بووە و پێویستی بە نەشتەرگەریی هۆشیاری هەیە.

​ئەم نەشتەرگەرییەش لەوەوە دەست پێ دەکات کە ئێمە چیتر ڕێگە نەدەین پیرۆزییەکانمان بکرێنە قەڵغان بۆ شاردنەوەی خیانەت، چونکە نەتەوە و زمان و خاک ئەو قاپەن کە هەموو بەهاکانی تری وەک ئایین و ئەخلاقی تێدا دەپارێزرێت و ئەگەر ئەم قاپە شکا، هەموو شتێک دەڕژێت و دەبێتە خزمەتکاری دوژمن. ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین وڵات بەرەو تاریکی و بێئومێدی دەچێت و مەترسیی ئەفغانیزەبوونی  لێدەکرێت، ئەوە دەرەنجامی زاڵبوونی ئەم کلکانەیە بەسەر کایەی گشتیدا، چونکە ئەوان دەیانەوێت عەقڵ بکوژرێت و تەنها گوێڕایەڵی بۆ هێزی سەرکوتکار بمێنێتەوە. بۆیە ئەرکی هەموو گەنجێکی هۆشیار و هەموو ڕۆشنبیرێکی بەویژدانە کە ئەم گوتارە پووچ و پاشکۆیە تێکبشکێنێت و لە ڕێگەی بایکۆتی فکریی ئەم کلکانە و بونیادنانی پەناگەی هۆشیاری، ڕێگری لەو داڕووخانە بکات. بڕینی کلکە گەنیوەکان واتە جیاکردنەوەی ئیمانی ڕاستەقینە لە بازرگانیی ئایینی، و جیاکردنەوەی کوردایەتیی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندیی حیزبی و پاشکۆیی بێگانە، تاوەکو چیتر برا دەستی نەچێتە خوێنی برا و هەمووان پێکەوە وەک نەتەوەیەکی خاوەن شکۆ ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە ببنەوە کە بە ناوی جیاوازەوە دەیەوێت بمانسڕێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا