هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

لە زۆر لە پێناسە لۆژیكییەكاندا، سیاسەت جۆرە  چالاكییەكی  تایبەتە بەپرۆسەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و ئەو ڕەهەند و دەرهاوێشتانەی كە لە ژینگەی كۆمەڵایەتیدا سەرهەڵدەدەن و دەبنە فاكتەرێكی گونجاو بۆ بەرجەستەكردنی سەقامگیری گشتی. واتا لە سیاسەتدا  كۆمەڵگە و بەستەرەكانی كە مرۆڤە، زۆر زیاترە لەوەی كە بەرژەوەندییە تایبەتییەكان زاڵبن بەسەر خواستە گشتییەكەدا. بەمانایەكی تر سیاسەت  ئەو چالاكییە ڕوون و ڕاشكاوەیە، كە مرۆڤ ناكاتە ئامرازێكی دابەستە بەدەستی  دەسەڵاتەوە و نابێتە مایەی شێواندنی ڕەوشی گشتی وەك ئەوەی لە زۆر لە كۆمەڵگە نادیموكراسی و شمولییەكاندا بەدیدەكرێت. سیاسەت و ئەحكامەكانی لە محەسەڵەی كۆتاییدا چەكێكی نەرمە بەدەستی ئەحزاب و ڕەوت و گرووپە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانەوە و چالاكییەكە مرۆڤ لە پاشەكشێی بەردەوام دەپارێزێ و دەیكاتە بوونەوەرێكی خاوەن ڕا و سەرنجی تایبەت و  لە تابلۆ گشتییەكەدا كاریگەری ئەرێنی دەبەخشێ بە تای تەرازووی دەوڵەتداری.

وەكو تریش سیاسەت گفتوگۆی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەی كێشەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییە مرۆییەكان، كە دەشێ لەمەشدا حزب و گرووپە جیاوازەكانی ناو كایەی گشتی، بابەتییانە بیر لە دەوڵەتداری و دەرئەنجامەكانی بكەنەوە و نەكەونە ژێر كاریگەری هیچ دید و تێڕوانینێكی جیاوازەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەدانی سیاسەت پەیوەستە بە جیاوازی و كێشمەكێشەكانی خودی سیاسەتەوە و لەڕێگای گفتوگۆ و لەیەكتێگەیشتنەوە دەردەكەوێت و جۆر و شێوازەكانیشی بەپێی ژینگەی كۆمەڵایەتی و ئاستی پێشكەوتنی كۆمەڵگەكان دەگۆڕێ، بەڵام لەبنەڕەتدا سیاسەت و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی، بنەمایەكی گرنگە لە سەرخستنی خواست و داخوازییە گشتییەكاندا و ناكرێ بەپێوەری بەرژەوەندی تایبەت و خواستی حزبێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێ و ببێتە ئامرازێك بۆ دەسخستنی پارە و دزینی سەروەت و سامانی نیشتمانی و موزایەداتی حزبی. روونتر دەبێ ئەوانەی لەكایەی سیاسیدا كاردەكەن، كەسانی هۆشمەند و قاڵبووی ئەزموونی فەلسەفەی سیاسی و هەڵقوڵاوی قۆناغ و بارودۆخی ڕووداو و پێشهاتەكان بن  و  بزانن چۆن لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارەدانی گشتیدا هەڵسوكەوت دەكەن، چونكە دواجار سیاسەت  جگەلەوەی زانستێكی لۆژیكییە، گفتوگۆیە لە فەزای گشتیدا بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگە و  هەركات لەسیاسەتدا گفتوگۆ و لەیەكتێگەیشتن وەستا و بوو بە چەلەحانێ و مایەی چاندنی تۆوی ڕق و كینە و ملشكاندن، وەك ئەوەی لە دۆخ و هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستاندا دەیبینین، ئیتر سیاسەت هیچ نرخ و بەهایەكی نامێنێ و تووشی داڕوخان و دافەتان دەبێ و دەرئەنجامی ئەوەش كۆمەڵگە دەكەوێتە گێژاوێكی مەترسیدارەوە و كەس سەری لەبەر دەرناكات.

ئەوەی لێرە و لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردیدا دەگوزەرێ، تەواو پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی سەرەوەن بۆ سیاسەت و هەموو ئەوانەی كە لەنێو قۆزاخەی سیاسەتدا هەنگاودەنێن، سیاسییەكی بەرژەوەندخوازن و نەیانتوانیوە لە بازنەی چەواشەكاری و فۆرمی یەكتر سڕینەوە و بیری یەكترشكاندن و فراوانكردنی بازنەی دەسەڵاتدارێتی و قەڵەمڕەوی حزبی و كەسییەكاندا دەرچن و دەربازیان نەبووە لەو حەقیقەتە كوشندەیەی، كە زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە كورد بەدەستێوە دەناڵێنێ و بووەتە ڤایرۆسی شكست و داڕوخانی كۆمەڵگ. سیاسەت لای ئێمە هێندە بێبەها و سووككراوە، هەمیشە لە پاشەكشە و دۆڕاندا نمرەی  یەكەمی داگیركردووە، وەك یاری مار و پەیژەكەی لێهاتووە، بەردەوام دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و واخەریكە هەموو دەسكەوتەكان دەدۆڕێنن.

لەكاتێكدا دۆخی ناوچەكە و هەلومەرجی ناوخۆیی و كەڵەكەبوونی قەیران و تەنگەژە سیاسی و ئابوورییەكان ڕۆژ بەڕۆژ لە پەرەگرتن و بەرفراوانبوونەوەدایە، ئەحزابی حوكمڕانی ئەم كۆمەڵگەیە لە ئاستی بەشبەشێنە و ڕێكەوتنی پلە و پۆستە حكومییەكاندا چەقیون و ناتوانن ئەو لەمپەرانە تێپەڕێنن، كە بوونەتە هۆكاری تێكەڵبوونی سیاسەت بە پارە و دەسەڵات و بەرژەوەندی تاكەكەسی، ئەو ڕەچەتە ترسناكەیە كە سیاسەتی لە سیاسەتبوون خستووە و بووەتە مەترسی بۆ سەر چەقی ئەو هەنگاوانەی، كە پێویستە كورد لەم بارودۆخەی ناوچەكەدا بیهاوێت. ئەوەی ئێستا لەژێر باڵی هەردوو حزبی دەسەڵاتداردایە و  خۆیانی پێ بادەدەن ئەوەیە، كە كۆمەڵگەیان كردۆتە  بازاڕ و ناوەندێكی بەرفراوانی قاچاغچێتی  و هەموو سەركردەی حزبی و كارەكتەرە سیاسییەكانیان لەبەردەم بزنسی جیهانی و هاوردەكردنی خۆراك و كەلوپەلی بەسەرچوودان و ڕووبەری گشتی هەرێمیش بووەتە ناوەندێكی ساغكردنەوەی نەخۆشی و دەرد و بەڵای دەرەكی و بەكەیفی خۆیان یاری بە ژیانی خەڵك دەكەن و خۆشیان خەریكی كەڵەكەكردنی ھەرچی زیاتری پارە و دەسكەوتی تایبەتن و كار لەسەر پاراستنی ئەو بازاڕە دروستكراوە و بەندیخانە گەورەیە دەكەن، كە لەچوارچێوەی كۆمەڵگەی كوردیدا بۆ خەڵكیان دروستكردووە.  

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا