لای زۆر کەس و ناوندی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی چەمکی روح نەناسراوە یاخود پێناسە نەکراوە، بەپێ تێگەیشتنی ئاینەکان بەتایبەتی ئاینە ئاسمانیەکان روح چەمکێکی میتافیزیکی یە، دوای مردنی کەسەکە دەچێ بۆ ئاسمان یان دەڵێن دەگەڕێتەوە لای خودا ! وەکو بڵێ کەروح زیندووە لە دەست و کۆنترۆڵی خودا نییە ! کاتی جووەکان پرسیاریان لە پەیامبەری ئیسلام کرد سەبارەت بەروح بەدەقێک لە سورەتی ئەسرا‌و وەڵام دراونەتەوە کاتێ لە میانەی دەقەکە هاتووە ( سألونک عن الروح، قل الروح من امر ربی وما اوتیتم من العلـم الا قلیلا ) کەواتە لە سەردەمی پەیغەمبەر روح چەمکێکی ئاشکراو روون نەبووە، زانیاری تیرو تەسەل لە بارەیانەوە نەبووە، بەڵام ئێستا لە سەردەمی دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرد، وەڵامی هەموو پرسیارێکی ئاڵوز و نادیار دەدرێتەوە ! روحیش یەکێکە لەو چەمکانەی وەڵامەکەی روونبوەتەوە، لەڕاستی دا لەم سەردەمەی ئێمە زاراوەی روح بوونی نییە بەڵکۆ٠ لەباتی روح یادەوەری بەکار دەهێنرێ، یادەوەری زاراوەیەکی زانستی یە، یادەوەری منداڵ لە سکی دایکییەوە زانیاری و زمان تۆمار ئەکا تا رۆژی مردن بگرە دوای مردنی جەستە یادەوەری لە فەزاو ئەمۆسفیری گەردوون جێگیرەو دەکرێ و دەشێ ئەخاوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەیت، تەنانەت ئاینەکان دانیان بەم پروسەیە داناوە وەک بەعەرەبی پێ دەڵێن ( التحدپ مع روح الموتی ) هەر بۆیە دەڵێن ئاینەکان باکگراوندی زانستییان هەیە، ئاینەکان لە دەقی چڕو ئاڵۆز دا هەندێ جار پیشبینی زانستییان هەبووە بەڵام ڕیڕەوی زانستی لە رۆژگاری ئەمرۆدا دەقە ئاینیەکان دەشکێنی و لە ئەزموونی واقیعی بەرجەستیان دەکا لە ڕاستی دا روح تەوژم و تەزووی کارەبایە، هیڵی ئەنتەرنێت و وای فایە، ئەگەر بەشێوەیەکی میتافوری بەرواد بکەین و وێنەکە لە زەینی خوێنەر نزیک بکەینەوە ئەوە هارد وێرو سوفت وێرمان هەیە، هارد وێر جەستەی موبایل و لابتوپ و کۆمپیوتەرە، زەمینەی هاتنی روح بۆ جەستەی ئەم جیهازە ئەلکترویانە سیم کارت و هاردیسکە، هیڵی تەلەفون و وایفایی ئەنتەرنیت وەک تەزووی کهروموگناتیستی بریتی یە لە روحی ئەم جیهازانە، ئەگەر تەلەفون موبایلێک هاردوێرەکەی لە کار بکەوێ دەکرێ سیم کارت و ژمارەکەی بخرێتە سەر تەلەفون موبایلێکی دیکە ! هەروا ئەگەر لابتوپێک لە کار بکەوێ دەکرێ هاوردیسکەکەی بخرێتە سەر لابتوپێکی تر، ئەم وێنەیە نزیکە لە بیروباوەڕی بوددایەکان، بوددی و هیندی بروایان بە دۆنادۆنی یادەوەری هەیە، دەڵێین ژیانی مرۆڤ وەک ئەزمۆنێکی بەدبەختی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر خاوەنەکەی بگاتە نیرڤانا ( بەختەوەری بێ کۆتا ) لە ژیانی دا ئەوە خاوەنی ئەو یادەوەرییە دووبارە روحی یان یادەوەریی نایەتەوە سەر زەمین لە شێوەی ئینسان بەڵکو روحی دەچیتە ناو جەستەی درەختێک یان ئاژەڵێك کەواتە روح یان یادەوەری بە پێ فرینکوینسی خۆی دەمێنێتەوە دەگوزرێتەوە بۆ گیانلەبەرێکی تر ! ڕۆمان نووسی بە ناوبانگ ( دان براون ) لە ڕۆمانی کۆدی دافینشی باس لە کۆدی یادەوەری ئینسانەکان دەکا، چ لە پروسەی ژیان یان لە پروسەی مردن، ئینسان یاخود یادەوەری ئینسان کە بەچەمکی ئاینی پێ دەڵێن روح بە مردنی جەستە کۆتایی پێ ناێی بەڵکو لە فەزاو ئاتمۆسفیری گەردوون دەمێنێتەوە لێرەدا دەتوانین بڵێن گەردوونیش روح و یادەوەریی هەیە، گەردوون بە هەموو سیستەمە بەدەر نییە لە ئەقڵ، لە ڕاستی دا ئەوە ئەقڵی گەردوونە کۆنتروڵ و کاریگەریی هەیە بەسەر ئەقڵ و قەدەری گیانلەبەرەکان چ مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ، لێرەدا لە رووی زانستی یەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی دەسەڵات و بوونی خودا ئەنالیزە بکەین، جاران لە شانۆگەریەکان دەیانگوی خوا دەنگی گەلە یان دیستوفسکی و تولستوی وچیخوف لە ڕۆمانەکانیان باسی بوون و نەبوونی خوا دەکەن یان پەمۆک کە براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە ڕۆمانێکی دا دەڵی بە خواو ئاین دەمانترسێنن،هەر بۆیە ناوی خواو ئاین دێنن هەتا دیسپلینمان هەبێ لەم ژیانە ! بەڵام هیچ یەکێک لەمانە نەهاتووە بەشێوەی زانستی ڕاڤەی میژووی ئاین و بوونی خوداوەندمان بۆ ڕاڤە بکەن گەرچی ئەلیف شەفەق لە ڕۆمانی چڵ ڕێساکانی ئیشق کاتی باسی ژیانی جەلال دین رومی و شەمس تەبریزی دەکا لایەنی ماتریالی و دونیایی روحی قورئان و ئایەتەکان بەرجەستە دەکا، هەروا مەحمەد شەحروری سوری بەدێوێکی مادی ئایەتەکانی قورئان ڕاڤە دەکا، زۆر هەوڵی دیکە لەم بوارەدا لە ڕوشنبیری جیهانی بەدی دەکرێ بەڵام کەس نەهاتووە خاڵەکان بخاتە سەر پیتەکان لە رووی زانستی یەوە ڕاڤەی روح و یادەوەریی و دەسەڵات و میکانیزمی خودامان بۆ بکا، ئاخافتن لەم بوارەدا ئەچێتە خانەی گریمان و ( اجتهاد ) ەوە، بەڕای من لە رووی زانستی یەوە خوداوەند بوونی هەیە نەک لە رووی میتافیزی و ئەو دیوی سروشتەوە بەڵکو لە ڕوانگەی پاراسایکۆلۆژییەوە، لە دیدی تەلەپاتییەوە، وەک ئاشکرایە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیالۆگ ئامادەبوونی هەیە لە نێوان کەسەکان گەرچی ئەم پروسەیە ڕێژەیی بێت بەڵام ڕاستی زانستیی تیایە هەروا ئاخاوتن لە نێوان یادەوەریی زیندووەکان و یادەوەریی مردووان بوونی هەیە گەرچی ڕێژەیی بێت بەڵام زانست دانی پیاناوە ! ئەگەر گەردوون و سروشت ئەقڵ و ئاوەزی نەبێت چۆن ئینسان ئەو هەموو داهێنانە دەکا کە سەرچاوەکەی سروشتە،هەوڵی زاناو فەیلەسوفەکان بە درێژایی میژوو ئاخاوتن بووە لەگەڵ گەردوون و سروشت هەر وەک جووەکان بۆ ئەوەی تەوارات بنووسنەوە پێویستیان بە پێنج سەد ساڵ بوو لە میانەی دا ئاخاوتن لەگەڵ بیرو دەسەڵاتی خوداوەند بکەن، فەیلەسوفەکانی گریکی جاران دەسەڵاتی خوداوەندیان دابەش کرد بۆ دەسەڵاتی باو و باران و دەریاو ئاگرو تەنانەت ئەفسانەی سیزیفی ئەلبیرکامۆ کە لە بنەڕەتەوە لە ئەفسانەکانی یونانەوە دزراوە دەڵێن سیزیف وەک کەسایەتی نهێنی خوداکانی دزیوەو ئاشکرا کردووە هەر بۆیە خوداکان ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاند کە هەموو ڕۆژێ بەردە قورسەکە سەر بخاتە سەر لووتکەیەکی بۆ ڕۆژی دوایی غلۆر بێتەوە، هەرچەند ئەم فەلسەفە پووچگەرایە باسی لە مەعاناتی ئینسان دەکان بەدڕێژایی میژوو ! با بگەڕێنەوە سەر ئەسڵی بابەتەکەمان روح یان یادەوەریی هەیە یان نییە بەڵێ لە ڕوانگەی زانستی یەوە هەیە لە دوای مردنی جەستەش دەمێنێتەوە ئایا خودا بوونی هەیە یان نییە لە رووی لۆژیکی زانستی یەوە بوونی هەیە نەک لە ڕوانگەی میتافیزیکی ئاینی یەوە خودای دوزەخ و بەهەشت بەڵکو خوداش لەرووی زانستی یەوە بریتی یە لە یادەوەری بە کۆمەڵ، یادەوەریی کۆلەکتیڤ، یادەوەریی مردووان و یادەوەریی زیندووان، یادەوەری گیانلەبەران، بەگشتی یادەوەری گەردوون و سروشت، هەموو شتی لەم گەردوونە بە پێ یاسای فرینکوینسی و لەرینەوە لەگەڵ یەک پەیوەندیان هەیە، لە کۆتایی دا دەتوانین بڵین وزە چەمکێکی ڕاستە، هەموو شتی بریتی یە لە وزەو جیهانێکی ماتریاڵی وەک ئاشکرایە ( المادە لاتفنی ولاتستحدپ ) ئیدی ئەم ڕایە دەشێ هەر ڕوشنبیریک ڕایەکی هەبێ لەسایەی چەمکی یەکیتی و هەمەجۆری !
هاوڕێ نەهرۆ / ئۆسلۆ
١ / ٩ / ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا