حەسەن ڕازانی

پێشەکی:

من دژی شەڕم، دژی چارەسەری کێشەکانم بە ڕێگەی توندوتیژیی و دژی شەڕێکی بەربڵاوم کە تەڕوپووشی تێدا وەک یەک دەسووتێنرێت!

 حیزبواللە لە ساڵی ١٩٨٢ لە خوارووی زۆرینە شیعەی لوبنان بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێران دامەزراو یەکەمین سەرۆکی  ئەو حیزبە تا ساڵی ١٩٩٢ بریتیبوو لە عەباس موسەوی!

عەباس موسەوی لە ساڵی ١٩٩٢ بەدەستی ئیسڕائیل کوژرا و حەسەن نەسڕواللە جێی گرتەوە. کەواتە حەسەن نەسڕواللە دووەمین سەرکردەی حیزبواللەی لوبنانیی بەڵام بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئێران لە ساڵی ١٩٩٢ وە سەرکردایەتی حیزبواللە دەکات!

حەسەن نەسڕواللە توانی لە ساڵی ٢٠٠٠ تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە خوارووی لوبنان دەرپەڕێنێت و خوارووی لوبنان ڕزگار بکات. لە ساڵی ١٩٩٧ کوڕێکی حەسەن نەسڕواللە بە ناوی هادی بە دەستی ئیسڕائیل کوژراو هەرلەو ساڵەشدا حیزبواللە لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوەو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وێنا کرا. ئەمریکاو بە گشتی دەوڵەتانی ناتۆ چارەی حەسەن نەسڕواللەیان نەدەویست و بەدەستیەوە گیریان خواردبوو بە تایبەتی ئیسڕائیل!

لە ساڵی ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پەیمانگای نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە (لەندەن)ە ڕایگەیاند کە حیزبواللە خاوەنی ٢٠ هەزار چەکداری مەشقپێکراوە!

لە دووساڵی ڕابردوودا حەسەن نەسڕوللە کەمتر دەهاتە نێوخەڵکەوەو تەنها لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و ڕێگای تۆمارەوە خۆی بە خەڵک نیشان دەدا لە ترسی کوژرانی بەدەستی ئیسڕائیل.

حەسەن نەسڕواللە لە ٢٧ی سێپتەمبەر لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر گەڕەکێکی مەدەنی زاحیەیخوارووی بەیروتی لوبنان کرایە ئامانج و کوژرا لەگەڵ دەیان کەسی تری سەر بە حیزبوواللە!

چەند سەرنجێک:

یەکەم: بە بڕوای من، ئێران چەندە کاردانەوەی هەبوو لە دژی ئیسڕائیل لە کاتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە هەر ئەوەندەش بۆخۆی ڕاستەو خۆ کاردانەوەی دەبێ. ڕەنگە لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیەوە هەندێک جووڵەی هەبێت!

دووەم: جیهانی عەڕەبی و جیهانی سونە مەزەبی ئیسلامی زیاتر بۆ ئیسماعیل هەنیە بە پەرۆش بوون لە حەسەن نەسڕواللە! بە تایبەتی جیهانی ئیسلامیی بە ئادۆلۆجیەت ئیخوانیی!

سێیەم: حیزبواللە بە سەرکردایەتی حەسەن نەسڕواللە بەشداری سەرکوتی ڕاپەڕینی ٢٠١١ی خەڵکی سوریای کردو لە ئەدلەب و تەڕابلوس خەڵک زۆر چارەیان ناوێت . بۆیە لە کاتی بیستنی خەبەری کوژرانی حەسەن نەسرواللە خەڵکی ئەدلەب هەندێکیان خۆشحاڵی خۆیان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەردەبڕی!

چوارەم: جیهانی عەڕەبی کەمتر بۆ حەسەن نەسڕواللە پەرۆشی و خەمی خۆیان دەردەبڕن وەک لە ئیسماعیل هەنیە!

پێنجەم: حەسەن نەسڕواللە، بە بڕوای من، ئەوەی دەیکرد لە نیوەی زیاتری بۆ لوبنانیەیکان نەبوو بەڵک و بۆ سەرگرتنی سیاسەت و پلانی ئێران بوو لە ناوچەکەدا!

شەشەم: لوبنان و فەلەستین دوو وەڵاتی ڕاستە ئیسلامی و عەڕەبین بەڵام بیرکردنەوەیان و بەرژەوەندیان جیاوازە. خەڵکی لوبنانیەکان دەڵێن بۆچی دەبێ لوبنان ببێتە سووتەمەنی سیاسەتەکانی ئێران و بە دەستی حەماس و حیزبواللە بناڵێنێت. کەواتە ئەو هێزەی کە حیزبواللە هەیەتی لە لوبنان ئۆتۆریتەی هێزە نەک ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی نێو خەڵک. بۆ نموونە حیزبوللە حوکومەتە لە نێو حومەتی لوبناندا!

حەوتەم:ئیسڕائیل ئەو پلان و ڕێگایەی کە ئێستا گرتوویەتیە بەر کە بریتیە لە کوشتنی بەرپرس و گەورە دەسەڵاتدارانی حیزبواللە و حەماس وازی لێناهێنێت و بەردەوام دەبێ چونکە دەزانێت ئەو ڕێگایە زۆر کەمەرشکێنەو لە پەڕوپۆیان دەخات!

هەشتەم: هێزی ئیستیخباڕاتیی ئیسڕئیلیی دنەو دزەی کردۆتە ناو هێزەکان و دام و دەزگاکانی حیزبواللەو حەماس و حوسیەکان و هەموو پڕۆکسیەکانی ئێران لە ناوچەکەداو بە ڕوونی ئەو دنەو دزە کردنە دیارە.

نۆیەم : هێزی تەکنیکی و زانستی ئیسڕائیل هەموو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی هێناوەتە لەرزە. لەوەتی ئیسڕائیل پەیجەرەکانی حیزبواللەی تەقاندنەوە، ئێستا ترس هەیە کە ئیسڕائیل بتوانێت لە ڕیگەی کەلو پەلو ئامرازە زیرەکەکانەوە کاری گەورەتر لە دژی دوژمنەکانی بکات . بۆ نموونە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی زیرەکەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆناتی زیرەکەوە، لە ڕێگەی سەعاتی ئەپل و زیرەکەوە، لە ڕێگەی سەیارەو ماتۆڕی خاوەن عەقلی زیرەکەوەو لە ڕێگای دەیان ئامرازی زیرەکی ترەوە.

دەیەم: ئێران ئێستا ئەوەندەی لە پرۆکسیەکانی دەترسێت کە لەناو بچن زیاتر ترسی لە خۆیەتی و لە سەرکردەکانی خۆیەتی لە ناوجەرگەی ئێراندا. ئەوەتە تەواوی ڕاگەیاندنە جیهانیەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەئی، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی باشتر لە ڕووی ئەمنیەوە لە ترسی ئیسڕائیل!

یازدەیەم: هێزی تەکنیکی و سەربازی ئیسڕائیل زۆر پێشکەوتوویەو زۆریش وێرانکەرە، دیارە بە پاڵپشتی ناتۆ و ئەمریکا بەدەرەجەی یەکەم. ئەوەتە ئەو شوێنەی کە حەسەن نەسڕواللەی لێبووە چەندین قات لە ژێرەوەی ساختومانی گەورەدا بووە. بەڵام دەگوترێت ئەو بۆمبەی کە بەکار هاتووە پێی دەگوترێت قومبەلەی چەکوچ واتە القنبلة المطرقة. ئەو قومبەلەیە  ١٥ مەتر ئەستووری کۆنکریت دەبڕێت و چەندین مەتر دەتوانێت بڕواتە خوارو بە ڕێگەی جی پێ ئێس کار دەکات... کەواتە قسەکەی کاوێزاغا دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێت بە تفەنگێ شادومانێ شەڕ ناکرێت لەگەڵ ئاسمانێ!

دوازدەیەم : ئەمریکاو ناتۆ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دووپات کردەوە!

سێزدەیەم: ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت تا هەموو قاچو باڵ و لاکانی ئێران لە ناوچەکەدا کۆتایی پێدێنێت یان بە تەواوی لاوازیان دەکات و ئینجا بە بڕوای من ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە سەرەخەری نۆرەی ئەویش دەێت،چونکە ئامانجە سەرەکیەکە ئێرانەو کۆماری ئیسلامیش ئەمە باش دەزانێت.. ئێستا زین و مەم بەهانەن و هیچی تر.. ئێرانیش ئەمە باش دەزانێت.. جیهانی عەڕەبی و بە تایبەتی جیهانی سونەش لێدانی ئێران و باڵ و پڕۆکسیەکانی ئێرانیان پێناخۆش نیەو لە ژێرەوە ڕازین !

چواردەیەم: جیهانی عەڕەبی بە تایبەتی جیهانی سونە نشین زۆرینەکەی ئێرانیان پێ دوژمنترە لە ئیسڕائیل !

 

 

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە