
هەوار محەمەد
ماوەی دوو سێ ساڵە، بە دیاریکراوی لە کاتی جەنگی غەززەوە، درۆیەک لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بڵاوکرایەوە، ئەوەی کە گوایە بەرەی چەپ، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە لەگەڵ "دۆزی کورد" نییە، هاوپشتی کورد نییە، بگرە کار گەیشتە ئەوەی بڵێن دژی کوردە. ڕەنگە لە مێژووی ڕۆشنبیری هیچ وڵاتێکدا درۆیەکی هێندە ناشیرین بڵاو نەکرابێتەوە و بەتایبەتیش کاتێک مەبەستەکە یان پاساودانەوەی تاوانەکانی زایۆنیستەکان بووبێت، یان غەوغایەک تەنیا بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و "فەردە ئافەرین"، مادام جنێودان بە چەپ دەروونی هەندێک بەردەنگی عەوامپەسەندی زڕەناسیۆنالیست "ڕەحەت" دەکات. ئەمە یەک بڵق بوو، بڵقێکی زلی فووتێکراو. ڕەنگە لە
مێژوودا لێرەولەوێ وەک ئاوارتە ڕۆشنبیرێک، یان حزبێکی چەپی نەتەوەگەرای دەروجیران هەبووبێت کە گوتارێکی هەڵاواردنی کوردی هەڵگرتبێت، بەڵام چەپ لە زۆرینەی هەرە زۆری هێڵەکانیدا، چ لە ناوخۆ، یان لە دەروجیران، یان لە خۆرئاوا، پشتیوانیی دۆزی کورد بووە. ڕەنگە هێندەی کێشەی فەلەستین دیار و بەرچاو نەبووبێت (کە ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە)، بەڵام بەدڵنیاییەوە کەمتازۆر هاوپشتیی کورد بوون، چ لە کاتی کارەساتەکانیدا و چ لەکاتی خەباتیدا. لە نێو سەدان نموونەدا تەنیا سێ نموونە دەهێنمەوە:
۱ـ گەورەترین دۆستی کورد لە مێژووی سەدەی بیستەمدا، کە ڕۆڵێکی گەورەشی لە دانانی هێڵی سی و شەشدا بینی، "دانیال میتەران" بوو. وەک دیاریشە میتەران چەپ و ئەندامی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا بوو.
۲ـ لە شۆڕشی ئایاری شەست و هەشتدا هەر بەدەم ڕێپێوانەوە پرس و باسێکی کورت لەگەڵ "گۆدار" دەکرێت، لەوێدا ئاماژە بە ستەمکاری لە کورد دەدات و پشتیوانیی خۆی بۆ کوردەکان دەخاتە ڕوو.
۳ـ کاتێک داعش پەلاماری ڕۆژئاڤای کوردستانی دا، سەدان خەباتگێڕی چەپ لە هەموو لایەکی جیهانەوە، چوونە ڕۆژئاڤا و بەرگرییان لێ کرد، بیرمەندانێکی چەپی وەکو جۆن هالۆوەی و مایکڵ هارت و ڕائول ڤانیجیم و چەندانی تریش پشتیوانی بێچەندوچوونی خۆیان بۆ کورد دەربڕی. لە نێو شارەکانی خۆرئاواشدا چالاکوانە چەپەکان چالاکیی هەمەجۆریان ئەنجامدا و لە خۆپیشاندانەکانی کوردەکانیشدا هەمیشە حزووریان هەبوو؛ خۆشم بە واقیعی ئەمەم بینیووە.
ئێستا کە ماوەی دە ڕۆژە کە ڕۆژئاڤا پەلامار دەدرێت و کورد لە هەموو لایەکی جیهانەوە دەنگی ناڕەزایی بەرز کردۆتەوە، چەپەکان، هەر لە ئەرسۆدۆکسەکانەوە هەتا چەپی نوێ، حزووری تۆخ و بەرچاویان هەیە. هەر لە ناوخۆی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا هەڵوێستەکانی حزبی شیوعی لە پرسە نیشتمانییەکاندا (وێڕای هەر تێبینییەک)، بە تەواوی هاوسەنگ و نەتەوەییە و عەدالەتخوازانەیە. لە ئاستی شەخسیشدا، هەڵوێستیی نووسەران و هەڵسوڕاوانێک کە دەشێت لەسەر چەپ حیساب بن، بە هەمان شێوەن. لە ئەوروپاش لەماوەی ئەم دە ڕۆژەی خەباتی ڕۆژئاڤا یەک پارت و بەرە و گروپ و سایتی چەپ نەماوە بەیاننامەی ناڕەزایەتی بڵاو نەکردبێتەوە و لە پلاتفۆڕمە فەرمییەکانیانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاڤا دژ بە تیرۆریستەکانی دیمەشق و تورکیا ڕانەگەیاندبێت. ماوەی چەند ڕۆژێکیشە کەژاوەیەکیان لە شارەکانی ئەڵمانیا و ڤییەناوە بەرەو ڕۆژئاڤا بەڕێخستووە، لە ڕێگا جاڕی هاوپشتی بۆ ڕۆژئاڤا دەدرێت و خەڵکی بۆ بانگهێشت دەکرێت. جا بۆ ئەوەی بڵقسازەکان نەڵێن ئەی بۆچی بۆ "ئێران" دەنگیان نییە، کاتی شۆڕشی ژینا و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش لە ئێران، زۆرینەی چەپەکان بە هەمان شێوە پشتیوانیی خۆیان بۆ شۆڕش و خۆپیشاندەران دەربڕی و پرۆتیستۆی کارەکانی دەسەڵاتە خوێنڕێژەکەی تارانیان کرد.
ئەو بڵقە درۆیەی کە چەپی خراوەتە نێو، هەر بە خاتری زایۆنیستەکانە. بۆچی؟ چونکە چەپەکان ڕەخنەگری جددین لە سیاسەتی ئاپارتاید و کۆلۆنیالیستیانەی ئیسرائیل. لەمەدا ڕەنگە ڕەخنەی چەپەکان لە ئیسرائیل لە جێیەکدا لەگەڵ گوتاری هەندێ لە تەیاری ئیسلامیدا یەک ببڕێت (کە بە ناچاری یەک دەبڕێت)، بۆیە ئەمە وەک هەلێک دەقۆزنەوە تاوەکو درۆی هاوپەیمانێتیی چەپ و ئیسلامییەکانی پێ بهۆننەوە؛ ئەمە شێوازێکی نزمی ترەمپییانەیە بۆ دێمۆنایزکردنی چەپ.
تێبینی: لەم سیاقەدا دەبێت ئەم دوو تێبینییەمان لەبەرچاو بێت:
یەکەم: چەپ نابێت و ناتوانێت لە ڕوانگەیەکی توندڕەوانەی ناسیۆنالیستییەوە بەرگری لە دۆزێک بکات.
دووەم: پشتوانیی چەپ بۆ فەلەستین، لە حەماس و ئیسلامیزم کۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەلەستینی نوێنەرایەتی دۆزی فەلەستینی دەکرد.